مونا قەهوەچی: هەندێك لایەنی سیاسی بۆ شاردنەوەی ئاریشەی ناوخۆ و شكستی سیاسییان هێرشی زۆر ناڕەوایان بۆ سەر پێكهاتەكان دەستپێكردووە
پەرلەمانتارێك: پێكهاتەكان هاووڵاتی رەسەنی كوردستانن، ئەوان ئازادن بە چ شێوازێك دەیانەوێت بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن
راپۆرت-محەمەد هەسنانی
بڕیاروایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، ئەندام پەرلەمانێكی پارتیش دەڵێت، پێكهاتەكان هاووڵاتی رەسەنی كوردستانن خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیانن، ئەوان ئازادن بە ج شێوازێك دەیانەوێت بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن، پێویستە، لایەنەسیاسییەكان پشتگیریان بكەن.
وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە زاری كرمانجی گووت:” هەڵبژاردن مافی گەلە بۆ هیچ لایەنێك نییە ئەو مافە لە خەڵكی كوردستان بستێنێ، بۆیە پارتی پێداگرە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمساڵ، لاری نییە لە فرەبازنەیی هەڵبژاردن و بەكارهێنانی لیستی دەنگدەرانی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كوردستان بەڕێوەبجێت”.
سەبارەت بە كورسی پێكهاتەكان، ئەو ئەندام پەرلەمانە، دەڵێت:” پێكهاتەكان هاووڵاتی رەسەنی كوردستانن خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیانن، ئەوان ئازادن بە ج شێوازێك دەیانەوێت بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن، دەبێت لایەنە سیاسییەكان پشتگیریان بكەن، چۆن دەیانەوێت هەڵبژاردن بۆ كورسی كۆتا بكرێت یەك بازنە بێت و یان فرەبازنە بێت، لیستی دەنگدەران بە جیا بێت یان وەك پێشوو بێت، هەر پێشنیارێك پێكهاتەكان كۆدەنگی خۆیانی لەسەر بێت مافی خۆیانە، وەك فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری رایان دەكەین”.
لای خۆیەوە، مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت:” لە سەروبەندی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانین، كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، لێرە و لەوێ گوێمان لە هەندێ بۆچوون و پێشنیار پەیوەست بە كورسی كۆتای پێكهاتەكان و بەشداری سیاسی پێكهاتەكان دەبێت، بەكورتی بۆ رای گشتی و هەموو لایەك رادەگەیێنین، كە بەشداری پێكهاتە نەتەوەییەكان لە پەرلەمان و كۆی حكومڕانی هەرێمی كوردستان، پڕۆسەی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان جوانتر كردوە و نموونەیەكی جوانی كلتوری پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان لە جیهاندا نیشانداوە، هیچ كاتێك پێكهاتەمان نەبوونەتە بارگرانی و كێشە بۆ پرۆسەی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەرێمی كوردستان بەم پێكەوەژیانە جوانە بۆتە لانكەی پێكەوەژیان و نموونەیەكی جوان لە ناوچەكە بەگشتی”.
مونا قەهوەچی، ئاماژەشی بەوەدا:” بەداخەوە هەندێك لە لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ شاردنەوەی ئاریشەی ناوخۆ و شكستی سیاسیان، هێرشی زۆر ناڕەوایان بۆ سەر پێكهاتەكان دەستپێكردوە، بە هەموو جۆرێك وا نیشانی دەدەن كە لەمپەرەكانی بەردەم هەڵبژرادن و كۆی كێشە و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان لە ئەستۆی پێكهاتەكانە، بەڵام هاووڵاتییان لە مێژە لەو راستیە تێگەیشتوون و هیچ كاتێك پێكهاتەكان نەبوونەتە كێشە و هەموو كات هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردمان بە پڕۆسەیەكی دیموكراسی و زەرور زانیوە بە رێزگرتن لە راو و بۆچوون و پاراستنی مافی پێكهاتەكان”.
لەدووا قسەكانیدا دەڵێت:” پێكهاتە نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان هەموو كات ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، كە مافێكی سروشتییە و شەرعییەت دانە بە دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام پێویستە بۆ هەر سیستەمێك و شێوازێكی هەڵبژاردن راو و بۆچوونی حزب و لایەنە سیاسیەكانی پێكهاتەكان وەربگیرێت، چونكە پێكهاتە نەتەوەییەكان، سیاسەت و بەرنامەی سیاسییان لەسەر بەرژەوەندی و خزمەتكردنی هاووڵاتییانیان بنیات ناوە و لەم چوارچێوەیەشدا هاوپەیمانی و كاری هاوبەشیان رێكخستوە، لەم رووەوە رێگە بە هیچ كەس و لایەنێكی سیاسی نادەین، بڕیار لە داهاتوو و چۆنیەتی بەشداری پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن بدات، چونكە دواجار ئەوەی بڕیار دەدات خودی پێكهاتەكانە و هەر هەوڵێك و بەرنامەیەك لە پشت پێكهاتەكانەوە بدرێت لای پێكهاتەكان قەبووڵكراو نییە و رەتدەكرێتەوە”.
” هیچ كاتێك پێكهاتەكان نەبوونەتە بارگرانی و كێشە بۆ پڕۆسەی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان “