شەهلا رەشید- سۆران:
سەرۆكی بەشی گورچیلەی دەستكرد لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری، بە زاری كرمانجی گووت:” پەككەوتنی گورچیلە هۆكاری زۆریان هەیە، یەك لەم هۆكارانەش كە لە بەشەكەمان زۆرە نەخۆشی شەكرەیە، هەروەها هۆكارەكانی دیكەش دووگیان بوون، نەخۆشی جگەر، پەستانی خوێن و رووداوەكانی ئۆتۆمبێل، هەروەها بەتایبەت لەناو گەنجەكانیش بەهۆی خواردنەوە وزە بەخشەكان و خواردنە ناتەندروستەكان، كە زۆر كاریگەری خراپ لەسەر گورچیلە دروست دەكەن.
پایز مەمۆ، سەرۆكی بەشی گورچیلەی دەستكرد لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری، ئەوەشی خستەڕوو:” ئەگەر خەڵك زوو پشكنین بكات و نەخۆشییەكە دەستنیشان بكرێت لەلایەن پزیشكی پسپۆڕ، ئەوا دەتوانرێت گورچیلە لە پەككەوتەی بپارێزرێت، زۆرجاریش هەیە كەسەكان زوو هەست بە نەخۆشییەكان ناكەن یان ئەگەر هەستیش پێ بكەن ئەوا پشتگوێ دەخەن و گرنگی بە بارودۆخەكە نادەن، بەتایبەت گەنجەكان كە زۆربەی جار نەخۆشییەكان پشتگوێ دەخەن و خۆیان ناپارێزن، بەڵام هەندێ جاریش نەخۆشییەكانی گورچیلە و پەككەوتنی بۆماوەییە.
سەبارەت بەو چارەسەرییانەی كە لە بەشی گورچیلەی دەستكرد، لە سۆران ئەنجام دەدەرێن، پایز مەمۆ، ئاشكراشی كرد:” لای ئێمە تەنها شووشتنی گورچیلە هەیە، هەر كەسێك تووشی پەككەوتەی گورچیلە ببێت ئەوا پێوستە شووشتنەوەی گورچیلە ئەنجام بدات، ئەمەش لە بەشی گورچیلەی دەستكرد لەسۆران ئەنجام دەدرێت، ئەو نەخۆشخانەی كە لە ملیانەوە سۆندەیان بۆ دادەندرێت، چاندنەوەی گورچیلە و ئەو ئامێرەی لە رێگەی دەستەوە بۆ نەخۆشەكە دادەندرێت، بۆ ئەمانە پێویستە تووشبووەكە سەردانی نەخۆشخانەكانی هەولێر بكات، بەڵام ئەوانەی كە تووش دەبن و بزانن گورچیلەیان كەمەك لاوازبووە، لەم بەشە تا رادەیەكی باش چارەسەریمان هەیە و پێنچ پزیشكی پسپۆڕی ئەم نەخۆشییەمان هەیە ئەگەر كەسەكە زوو سەردانی بەشی گورچیلەی دەستكرد بكات و لەلایەن پزیشكی پسپۆڕ چارەسەر و رێنماییەكان وەرگرێت.