خاوەنی نووسینگەیەك: زیاتر لە 500 خانوومان لایە بۆ فرۆشتن كەس لێی ناپرسێ
زاری كرمانجی – رواندز :
ماوەی زیاتر لە ساڵێك دەبێ بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زەوی و زار لە قەزای رواندز رووی لە كزی كردووە و یەكێك لە خاوەن نووسینگەكانی خانووبەرەش دەڵێ ساڵێك دەبێ دینار نەهاتووتە گیرفانمان و بەڵكو كرێ دووكانیش هەر لەسەر گیرفانی خۆمان دەدەین.
خدر عەزیز بنمێردەیی، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەی رۆژ لە نێو بازاڕی رواندز، بۆ زاری كرمانجی باس لە بێ بازاڕی خۆیان دەكات و دەڵێ:” بە گشتی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانوبەرە لاوازە و هاووڵاتییان زیاتر موڵكەكانیان دەفرۆشن و كڕیاریش نییە”.
پێشتر زاری كرمانجی هەواڵێكی لەسەر قەزای رواندز بڵاو كردەوە كە هاووڵاتییان خانووەكانیان دەفرۆشن و شارەكە جێ دەهێڵن، هەروەك خدر بنمێردەیی هێمای بۆ دەكات، ئێستاشی لەگەڵ دابێت پرۆسەكە بەردەوامە و دەڵێ:” ئێستا زیاتر لە 500 خانوومان لایە بۆ فرۆشتن، بەڵام كەس لێی ناپرسێ، دیارە بێ كاری و بێ بازاڕی وای لە خەڵكی ئەو شارە كردووە و شوێنی ژیانی خۆیان بگۆڕن و موڵكی خۆیان بفڕۆشن و بچنە شارێكی تر”.
خاوەنی نووسینگەی رۆژ باس لە جیاوازی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو دەكات لە شارەكە و دەڵێ :” پێشتر نرخی خانوو لە هەندێ شوێنی رواندز بە 60 هەزار دۆلار بوو، كەچی ئێستا 30 هەزار دۆلاریش ناكات، كرێ خانوو لە شەهیدان چەند سەد هەزار دینار بوو، ئێستا خانوو بە 150 هەزاریش بەكرێ ناچێت.”
ئەوەش دەڵێ:” پێشتر زەوی لە دۆڵی ئاكۆیان داواكاری زۆری لەسەر بوو، لە هەولێر و دووزخورماتوو و كەركووك و ناوچەكانی بادینان خەڵك زەوی لەو شوێنە دەكڕی، كەچی ئێستا كەس هەر ناپرسێ زەوی هەیە یا نا”.
خدر عەزیز كە لە نێو هاووڵاتییانی شار بە مەلا خدر ناسراوە، پێی وایە دەستپێكردنەوەی قەرزی خانووبەرە لە لایەن حكومەتەوە، گەرمی دەخاتەوە بازاڕەكەیان و دەڵێ:” هاووڵاتیان توانای دروستكردنی خانووییان نییە، مەگەر قەرزی خانووبەرە دەست پێ بكاتەوە، ئەو كات بازاڕی كرین و فرۆشتنی زەوی و خانووە جموجۆڵ بە خۆیەوە دەبینیتەوە”.
خاوەن نووسینگەی رۆژ داواكارییەك ئاراستەی حكومەت دەكات و دەڵێ:”پێویستە حكومەت ڕەچاوی بارودۆخی بێ بازاڕی بكات و باجەكانی كەمتر بكاتەوە، بۆ نموونە لە مانگی رابردوو مۆڵەتی ساڵانەمان نوێ كردەوە زیاتر لە حەوت سەت هەزار مان داوە، ئەمەش بۆ خاوەن دووكانێك یا نووسینگەیەكی هاوشێوەی ئێمە سەخت و قورس دەبێت، كە بازاڕی سست و لاواز بێت و هیچ قازانجێكی نەكردبێت.”