زاری كرمانجی- سۆران:
بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر ئاشکرایکرد، حکوومەت بڕیاریداوە نەوتی سپی ماڵان بۆ ئەمساڵ دابین بکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بەرێکاری بەپەلە کردووە.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر، ڕاگەیاند: “رێنمایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەخێرایی رێکارەکان دەست پێبکەن بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بکرێت بەسەر ھاووڵاتیاندا، بەڵام ھێشتا بڕەکە بۆ ئێمە دیاری نەکراوە بۆ ئەم ساڵ چەندمان پێ دەدەن”.
کاکەشین زیاتر روونیكردەوە: “ کۆبوونەوە دەکرێت و بەردەوام لە گفتووگۆدان بۆ ئەوەی نەوتێکی باش بۆ ھاووڵاتییان دابین بکرێت، مەبەستم بڕەکەیە، چونکە چەند زیاتر بێت ئێمە دەتوانین زیاتر دابەشی بکەین و خەڵک زیاتر لێی سودمەند بێت”.
رێژەیەك لە هاووڵاتییان پارساڵ نەوتیان بەرنەكەوت، لەبارەی مافی ئەو هاووڵاتییانە کاکەشین گووتی: “ئەوە لەسەر حکوومەت دەمێنێتەوە ئەگەر زۆرمان بۆ دابین بکەن دەتوانین لەناوچە شاخاوی و ناوشاریش دابەشی بکەین، بۆیە لەسەر ئەو بڕە دەمێنێتەوە کە بۆمان دابین دەکرێت، ئەگەر زۆرمان بۆ دابین بکرێت لە ھەردوو ناوشار و شاخاوی دەستپێدەکەین ئەگەر بڕەکەشی دیاریکراو بێت لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێدەکەین، چونکە لەوێ زووتر سەرما دەستپێدەکات و ناوچەکانی ئەوانیش ساردترە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە”.
بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر ڕوونیشیکردەوە: “ھیوادارین لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بۆمان دابین بکرێت و دەست بەدابەشکردنی بکرێت و گرنگ ئەوەیە لەمانگی ١٠ تێپەر نەکات، بۆ ئەوەی خەڵک سوودی لێ وەرگرێت، چونکە ئەمساڵ نرخەکەی گرانە”