زاری كرمانجی – هەولێر:
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی شووباتی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا گفتوگۆی چەند تەوەرێك دەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردۆتەوە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆڕتێك سەبارەت بە روودانی دوایین بوومەلەرزە لە هەرێمی كوردستان و ڕێوشوێن و ڕێكارەكانی خۆپارێزی و یارمەتیدانی هەردوو وڵاتی دراوسێ (سوریا و توركیا) دەخرێتەڕوو.
هەروەها، لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە تاوتوێ و پەسندكردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای “بەركاركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆری فیدراڵی” لە هەرێمی كوردستان و “پەیڕەوی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكـانی پەروەردە و خوێندنی باڵا”.
ڕای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای دادگای باڵای ئیتیحادی لە بڕگەی سێیەم و كۆتایی كۆبوونەوەكەدا دەخرێتەڕوو.