نوسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
بەشی دووەم
چارەسەر بە گژو گیای پزیشکی بۆ مەبەستی چارەسەری نەخۆشیەکان، کارێکی ئاسان نیە، پێویستی بە شارەزایی و پسپۆڕیە، ئەوکەسەی چارەسەری خەڵک دەکات، بە دەرمانی گیایی، دەبێ لەو بوارەدا بخوێنێ و خول ببینی و ئەزموونی باشی هەبێت، گژوگیا پزیشکیەکان بناسێت و زانیاری تەواوی لەسەر سوود و کاریگەریەکانیان هەبێ. دەبێت ئاگاداری ئەوەش بێت گژوگیای پزیشکی زەرەرو زیانیشی هەیە، ئەگەر بەڕێژە و بنەمای زانستی بەکار نەیەت.
هەندێک لەو کەسانەی لەبواری دەرمانی گیایی کار دەکەن، هەڵەیەکی هەرە گەورە کەدەیکەن ئەوەیە: لەژێر ناوی دکتۆر و شێخ و ملا، کارو پیشەکە ئیستغلال دەکەن، خەڵکی بەو ناوە هەڵدەخەڵەتێنن و دەرمانەکانیان بەخەڵکی دەفرۆشن بەپارەیەکی زۆر و بەشێکیان کاری بازرگانی دەکەن بەو ناوە!
هەیە خوێندەواری نیە و هیچ بڕوانامەیەکی باوەڕ پێکراوی نیە، خۆی بەناوی دکتۆر ناساندووە و بەو ناوە کار دەکات، یان هەیە بەناوی شێخ و ملا کار دەکات هیچ شارەزایەکی وای نیە، لەبواری چارەسەر بە دەمانی گیایی، بەڵام بۆ پارە کۆکردنەوە دەستی داوەتە ئەوکارە و خەڵکانێک بەو ناوە هەڵدەخەڵەتێن، کاری نوشتە و روقیەی شەرعی دەکەن و دەرمانی گیاییش دەفرۆشن.
بەو جۆرە چارەسەری خەڵکی بەو ناوە کارێکی زۆر مەترسیدارە، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکرێتەوە بەتایبەت لێژنەکانی تەندروستی، چونکە ئەگەر وابڕوات ژیانی خەڵکانێکی زۆر دەکەوێتە مەترسیەوە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی گیایی بەنەشارەزایی و ناتەندروستی و ناپسپۆڕی.
هەڵە تێگەیشتنێکی زۆر باو هەیە لەناو هەندێ لەخەڵکی ئەوەیە کە دەڵێن: ئەگەر گژو گیای پزیشکی بەکار بێنین بۆ چارەسەری نەخۆشی ئەگەر چاک نەبین، خۆ زەرەری نیە!
بێگومان ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە و زەرەر و زیانی گەورەی هەیە لەسەر جەستەو تەندروستی، خەڵکانێک زۆر سادە حاڵی بوون، لەبەکارهێنانی چارەسەر بە گژو گیای پزیشکی، دەرمانی گیایی.
دەبێت کەسانی شارەزا و پسپۆڕ ئەو کارە بکەن، هەیە لەو بوارە کار دەکات خوێندەواری نیە!
بۆیە من وەک نوسەرێک لەو بوارەدا دەڵێم هەرچی زووە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداربکرێت ئەگەرنا خەڵکێکی زۆر دەبنە قوربانی دەستی ئەو کەسانەی بەتەنها بۆ کۆکردنەوەی پارە و دوور لەبنەمای زانستی کار دەکەن لەو بوارەدا.
پێویستە و کاتی هاتووە حکومەت یاسایەکی تایبەت بەو بوارە دەربکات، بۆ ڕێککردنەوەو ڕێکخستنەوەی بواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری و جێگرەوە، وەک بوارەکانی چارەسەر بە دەرمانی گیانی، کەڵەشاخ، زالوی پزیشکی، دەرزی ئاژنین، مەساج دەرمانی …هتد
لەکۆتایدا دەڵێم هەر کەسێک ویستی دەرمانی گیایی بەکاربێنێ بۆ چارەسەری نەخۆشی، تکایە بڕۆنە لای کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەو بوارەدا، چونکە دڵینابن زەرەرو زیانی گەورەی دەبێت ئەگەر لەڕێگەی پڕوپاگەندە و ڕیکلامی گەورەکراوی سۆشیال میدیا داوای بکەیت و بیکڕیت، بۆیە وریابن و هۆشیاربن، بەشێکی هەرە زۆری بازرگانیکردنە و ژیانی خۆتان مەخەنە مەترسیەوە.