عاسم مستەفا- چۆمان:
ئەمرۆ لە قەزای چۆمان، لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی قەزاكە دابەشكرا، هاووڵاتییانیش لە رێگەی زاری كرمانجی سوپاسی دەزگاكە دەكەن.
ئەمڕۆ ئەكرەم، قایمقامی قەزای چۆمان، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ئەمڕۆ نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی قەزای چۆمان دابەشكرا، نەوتەكەش لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دابین كراوە، ئەو نەوتەی كە دابەشدەكرێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەیە كە ناویان لەناو لیستی ئازووقەدا نییە و كەم دەرامەت و هەژارن، یان كرێچین.
قایمقامی قەزای چۆمان، گوتیشی: لە چۆمان نەوت بەسەر 300 خێزان و لە حاجی ئۆمەرانیش بەسەر 107 خێزان دابەشدەكرێت، هەر خێزانێكیش بڕی 100 لیتریان وەرگرتووە، چەند رۆژێكیش پێش ئێستا لە ناحیەكانی گەڵاڵە، قەسرێ و سمیلان دابەشكرا.
نێچیروان عەبدولواحید، بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سنووری ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی گوت: ئەوە پڕۆژەیەكی سەرتاسەرییە و خۆی دەبینێتەوە لە دابینكردنی نەوتی سپی ماڵان كە بیست هەزار خێزان لێی سوودمەند دەبن، لە سنووری ئیدارەی سۆرانیش سێ هەزار خێزان، لە تەواوی سنووری باڵەكایەتی 850 خێزان لەو بڕە نەوتە سوودمەند بوونە.