زاری كرمانجی-سۆران:
هەژار حەكیم بەڕێوەبەری راگەیاندن و پهیوەندییەكانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و به ئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیار بۆ كاروباری كارگێڕی حەكیم تێلی و قائیمقامی قەزای ناوەندی ئیدارەی سۆران رەجەب زوبێر، لە پێناو پاراستن و سەلامەتی هاووڵاتیان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەكاریكردن بۆ رووبەڕوووبونەوەی هەر جۆرە قەیران و رووداوێك ئەنجامدرا.
گووتیشی: ” لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیسی سۆران، بەڕێوەبەرە گشتیەكانی تەندروستی و شارەوانی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران و بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران بۆ رووبەروبونەوەی قەیرانەكان باس لە گرتنەبەری رێكاری پێویست و ئامادەكاری بۆ هەر جۆرە پێشهات و رووداوێكی سروشتی كرا.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: كە رێوشوێنی نوێ لە پێناو پاراستنی مەرجی سەلامەتی هاوڵاتییان دەگرینەبەر بە تایبەت لە بابەتی بیناكردنی باڵاخانە و خانووەكان، كە پێویستە مەرجی سەلامەتی بۆ هاوڵاتی و تیمەكانی فریاكەوتن(تەندروستی، ئاگركوژێنەوە، پۆلیس) تێدا بێت ئەمەش بە پیشتبەستن بە پسپۆڕانی بوارەكه.