زاری كرمانجی-سۆران:
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەستیان كردووە بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هەزاران خێزانی هەژارو كەمدەرامەتی سنوورەكە، ئەوەش بووەتە جێگەی دەستخۆشی هاووڵاتییان و هۆكاریش بووە بۆ بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوتی سپی لەبازاڕدا.
نێچیروان عەبدلواحید، بەرپرسی ئۆفیسی سۆرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە زاری كرمانجی گووت: ”وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هەماهەنگی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئیدارەی هەر پێنج قەزا و ناحیەكانی دەڤەری سۆران، دەستمانكرد بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر 3000 هەزار خێزانی هەژارو كەمدەرامەتی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” لە سەرەتاوە لە سنووری ناحیەی دیانا دەستمان كرد بە دابەشكردنی نەوتەكە، دواتریش لە سەنتەری قەزاو ناحیەكانی دیكە، بۆ هەر خێزانەو بڕی 100 لیتر نەوت، دەستخۆشانەش لە ئیدارەی سۆران و لایەنە ئیدارییەكانی سنوورەكە دەكەین، كە هەماهەنگ و هاوكارمانن لە تۆماركردنی ناوی هەژارو كەمدەرامەتان و ئاسانكاری بۆ دابەشكردنی نەوتەكە”.
بەرپرسی ئۆفیسی سۆرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەشڵێت: ” دەزگای خێرخوازی بارزانی بەشێوەیەك بەردەوام ساڵانە لە وەرزی زستان و سەرما نەوت بەسەر خێزانە كەمدەرامەتەكان دابەش دەكات، بەڵام لەمساڵدا هەڵمەتەكە بەشێوەیەكی زیاتر و فرەوانتر بووەو تەنها لە سنوورەكەمان هەزاران خێزان لەوەرگرتنی نەوتەكە سوودمەند بوونە.
وەك فرۆشیارانی سووتەمەنی و نەوتیش لە بازاڕی قەزای ناوەندی سۆران، بۆ زاری كرمانجی باسی لێوەدەكەن: ” دابەشكردنی ئەو نەوتەی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەسەر هەژارو كەمدەرامەتانی سنووری قەزاو ناحییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر رێگری كردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپی لە بازاڕداو تا ڕادەیەكی باشیش نرخەكەی بەجێگیری ماوەتەوە، هۆكارەكەشی كەمبوونەوەی خواست بووە، لەكاتێكدا شەپۆلێكی ساردو بەفراوی رووی لە دەڤەرەكە كردووە.