زیاتر لە 40 ساڵە خزمەت بە بواری رۆشنبیری دەكات
كتێبخانەی شێركۆ، بە بەراورد بە كتێبخانەكانی دیكەی رواندز مێژوویەكی كۆنتری هەیە و زیاتر لە 35 ساڵە لەلایەن (مامۆستا ئومێد شێركۆ شاكر مجرم) كراوەتەوە، ئەو هەر چەندە ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیە، بەڵام كتێبخانەكە لەلایەن براكانی بەڕێوە دەبردرێ، ئەو كتێبخانە ئێستا بۆتە بەشێك لە مێژووی ئەم شارە و خاوەن شكۆیەكی تایبەتییە.
وەك مامۆستا ئومێد باسی لێوەكرد ” لە هاوینی 1987 بۆیەكەمجار پەرتوكخانەم كردەوە لەرواندز بەناوی ( پەیوەند) ، دوای چەند مانگێك مۆڵەتم وەرگرت لە پارێزگای هەولێر. لەدوای 1992 هەرلە رواندز (دەرسیم)ی برام پەرتوكخانەیەكی تری كردەوە بەناوی (شێركۆ) لەدوای شەڕی ناوخۆ پەرتوكخانەی پەیوەند داخرا، بەڵام پەرتوكخانەی شێركۆ تا ئێستا بەردەوامە ئێستا لەلایەن كاك سوبحی و حلمی بەڕێوەدەبڕدرێت”.
لە بارەی سەرچاوەكان و ناونیشانی كتێبەكانیش هێمن شێركۆ روونیكردەوە” زۆربەی سەرچاوەكان بەزمانی كوردی بوون، بەڵام بەزمانی عەرەبیشم هەبوو . جۆری كتابەكان مێژوویی، فۆلكلۆری، ڕۆمان، چیرۆك ، شیعر بوون، زۆربەی ئەوكتابانەی ئەو سەردەم چاپدەكران هەوڵمدەدا بیانهێنم . هەروەها رۆژنامەو گۆڤارەكانی ئەوكات كە دەردەچوون دەگەیشتنەلامان، لەدوای ڕاپەڕین هەموو بڵاوكراوەكانمان بۆدەهات”.
جگە لە پەرتووك، رۆژنامە و گۆڤاریش هەبوون ؟ بەناوبانگترین و پڕ خوێنەرترین رۆژنامە و گۆڤار كامە بوون و چۆن دەگەیشتە دەستتان ئەو لە وەڵامدا شێكردەوەكە ” گۆڤارەكوردییەكان وەك بەیان، ڕۆشنبیری، كاروان، ڕەنگین، الف با، كل العرب، الموعد، الفنون، هەروەها گۆڤاری منداڵان بەزمانی عەرەبی دەهاتن، پڕ فرۆشترین گۆڤارو ڕۆژنامەكان ئەو كات ڕەنگین، گۆڤاری كاروان، رۆژنامەی پاشكۆی عێراق، هاوكاری، الراصد كە بەزمانی عەرەبی بوو هەفتانە بوو نزیكەی بیست دانە دەهات نامایەوە، هەروەها ڕۆژنامە ” البعث الریاضی” كە بەزمانی عەرەبی بوو فرۆشی باش بوز، سەرەتا لەگەڵ پەرتوكخانەی ماردین كە لەشەقامی باتە بوو لەهەولێر كەخاوەنەكەی (د.عەبدوڵا عەلیاوەیی) بوو رێكەوتم، چونكە مۆڵەتم نەبوو، مامۆستا عەبدوڵا بە خواستی من بڵاوكراوەكانی بۆ دائەنام، منیش شوفێرێكم دەنارد بۆم بهێنێت كە بە سوپاسەوە (كاك نەوزاد رەشید بەفرۆ) ئەم كارەی بۆ دەكردم . دوای ماوەیەك بە هەوڵی د. عەبدوڵا (دار الوطنیە) كە بەرامبەر دادگای هەولێربوو نزیك قەڵا رۆژانە لەگەڵا ئەو شوفێرەی پۆستەی دەهێنت كە ناوی ( عەبدوڵا ) بوو خەڵكی هەولێر بوو دەینارد بەرامبەر كرێیەك كە مانگانە بوو”.
لە بارەی ژمارەی ئەوە كەسانەی مانگانە هاوبەشیان هەبوو، لە رۆژنامە و گۆڤارەكاندا، مامۆستا ئومێد روونیكردەوە” تۆمارێكی تایبەتم هەبوو بۆ تۆماركردنی ناوی ئەوكەسانە هاوبەشیان هەبوو دەیانویست گۆڤارو ڕۆژنامەكانیان بەدەست بگات . ژمارەیەیان نزیكەی 20 تا 25 كەس دەبوو دوای ڕاپەڕین ئەم ژمارەیە زیادی كرد تا 50 كەس . پڕ فرۆشترین گۆڤار بەر لە ڕاپەڕین گۆڤاری ڕەنگین بوو كە 100 دانە دەفرۆشرا، دوای ڕاپەڕین رۆژنامەی كوردستانی نوێ كە رۆژانە 50 دانە دەفرۆشرا. لە عەرەبیەكان هەردوو رۆژنامەی ” الراصد والبعث الریاضی” بوو.
زیاتر بۆ زاری كرمانجی لە بارەی خوێنەرەكانی دوا و گووتی ” خوێنەرەكانمان جۆراوجۆر بوون لە مامۆستا، كاسب، قوتابی، سەرباز، هەروەها خەڵكی دەرەوەی رواندزیش دەهاتن بەتایبەتی لە دیانا، خوێنەری كچم هەبوو كە هاوبەشیان هەبوو”.
باس لەوە دەكرێت ئەوانەی توانای كڕینی پەرتووكیان نەبووایە، دەیانتوانی بە كرێ پەرتووكەكە وەربگرن، هێمن شێركۆ لەمبارەوە روونكردەوەی داو گووتی ” لەپەرتووكخانەكەمان تۆمارێك هەبوو كەتایبەت بوو بەوانەی كتابیان دەبرد بە خواستن بەرامبەر بڕ پارەیەك. زۆر جار كتابەكانی پەرتووكخانە تایبەتی ماڵەوەم هێناوە بێ بەرامبەر بە خوێنەرەكانم داوەن، جارێكیان ڕۆمانی نازەم بە خوێنەرێكدا بیخوێنێتەوە، بەسەردا سەدام كوێتی گرت من بوومە سەربازی یەدەك، ئەم كتابەی دوای مانگێك هێنایەوە ووتی تۆلێرە نەبووی بۆیە نەمداوەتەوە، منیش وەرمگرت و لە شوێنێكم دانا تابیبەمەوە ماڵەوە، بەڵام لەیادم چوو من گەڕامەوە بۆ سەربازی كە هاتمەوە پرسیاری كتابەكەم كرد دیارنەبوو دوای چوار پێنج مانگ كەسێك هێنایەوە ووتی ئەم كتابە كتابی ئێوەیە چۆن كاتی خۆی مەنجەڵی ساوار كوڵاندن هەموو رواندزی دەكرد پاشان بۆ خاوەنی دەگەڕایەوە ئەو ڕۆمانەش ئاوای لێهات”.
ئەو جیاوازی لە نێوان خوێنەری كۆن و ئێستا دەكات و دەڵێت” خوێنەری كاتی خۆی چاوەڕێی دەرچوونی بڵاوكراوەكانیان دەكرد، رۆژانە دەهاتن پرسیاریان دەكرد شتی نوێ دەرنەچووە، بەڵام ئێستا وانیە . برادەر هەبوو گلەیی دەكرد دەیوت چۆن ئەو كتابە هاتووە بۆ منت هەڵنەگرتووە”.
ئەو بەسەرهاتێكی باس كرد و گووتی ” بەرلە ڕاپەڕین ڕۆژێك لە هەولێر دەهاتمەوە بە پاس گۆڤارو رۆژنامەم پێ بوو ئەوكات مۆڵەتم نەبوو ، لە بازگەی مەسیف كە بەرەو كۆڕێی دەچیت ئەوكات لە پێچی یەكەم بوو ، استخباراتێك هاتە ناو پاس داوای ناسنامەی كرد كە چاوی بە گۆڤارەكان كەوت گووتی خاوەنی كێیە بابێتەخوار منیش هاتمە خوار بە شوفێری پاسەكەی ووت بڕۆ مەوەستە. داوای مۆڵەتی كرد منیش ووتم ئەمانە لە بەغدا چاپ دەكرێن گووتی دەزانم بەڵام ئێوە بڵاوكراوەكانی حزبی لەژێر وێنەی سەدام دێن ودەبەن، سەربازێكی تر كە ئەویش عەرەب بوو گووتی ئەوە چییە منیش گووتم نازانم گووتی چ نییە گۆڤارێك كە وێنەی ئافرەتی تێدابێت دابنێ ، من وادەكەم ئازادت بكات ، منیش ” الف با” یەكم دەرهێنا پاشان هەربەخۆی ئۆتۆمبێلی بۆ رادەگرتم دەیووت ناچیە رواندز لەكوتایی بە لۆرییەك كە خواردنی بۆ حامیە دەبرد هاتمەوە، تا كاولۆكان، ئینجا بەرەو ماڵا بوومەوە، من لە بەیانی كاتژمێر 9 لە هەولێر بەرێكەوت بووم كەچی 2 ی پاش نیوڕانە گەیشتمەوە ماڵ”.
ئەو زیاتر بەردەوا بوو لە قسەكردن و گووتی ” جارێكیان مامۆستا ممتاز حەیدەری گووتی وەرە كتابم لەماڵەوە هەیە ئەوانەی لە دوای داخستنی پەرتوكخانەی حەیدەری لەلایەن رژێمی بەعس لە ماڵەوەم داناوە، منیش رۆژێك چووم گووتی لە هەر ناونیشانێك 6 دانە ببە یەك بۆ پەرتوكخانەی ماڵەوەت ئەوەی تر بفرۆشە، گووتم لیستێك درووست دەكەم گووتی من دەڕۆم كارم هەیە، تۆ كتابەكان دابنێ كە چوویە رواندز ئەوكات لیست درووست بكە با دوانەكەوی منیش چەندین گووشم پڕ كرد لە كتاب هێنامەوە رواندز كە ناونیشانی جۆراوجۆر بوون لەكۆتایی كەویستم پارەكەی بدەمێ گووتی من پارە وەرناگرم مەبەستم بوو هانی تۆ بدەم بۆ بەردەوامی لە كارەكەت و هەروەها خوێنەرانی رواندزیش سوودێكیان پێ بگات.”

