نوسینی / بژار عەبدولمەناف
ماستەر لە زانستی زەویناسی – زانکۆی سۆران
گۆی زەوی لە چەند چینێک پێکهاتووە کە لەڕووی پێکهاتە، چڕی، پلەی گەرمی، پەستان…هتد لەیەکتر جیاوازن، هەتا بەرەو کرۆکی(Core) زەوی بچین پلەی گەرمی و پەستان زیاتر بەرز دەبێتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە کرۆکی زەوی لە بەردی گڕگرتوو و ئاگرین پێکهاتووە، لەو چەند چینەی کە زەوی هەیەتی تەنها توێکڵی زەوی (Crust) بەکەڵکی ژیان دێت. بەهۆی بوونی ئەو گەرما زۆرە لە کرۆکی زەوی، تەووژمی زۆر بەهێز لەژێر زەوی دروست دەبێ کە ئێمە هەستی پێناکەین، کاتێک ئەو تەووژمە لەشێوەی سوڕانەوە دەخولێتەوە بەهۆی جیاوازی پلەی گەرمی، جۆڵەی پلێتەکانی توێکڵی زەوی دروست دەکات.
توێکڵی زەوی لەچەندین پلێت پێکهاتووە، بەدرێژای مێژووی زەوی ئەم پلێتانە بەهۆی ئەو تەووژمەی ژێر زەوی لە جوڵەدا بوون. جوڵەکانیش سێ جۆرن؛ جوڵەی پێکدا کێشان، جوڵەی لێکجودابوونەوە، جوڵەی بەتەنیشت یەکداچوون. نزیکەی ۷۰-٦۰ملیۆن ساڵ پێش ئێستا پلێتی عەرەبی لەگەڵ پلێتی ئێرانی توشی پێکداکێشان بوون کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە بەڕێژەی ۱-۳سم لەساڵێکدا. لە ئەنجامی ئەم بەریەکەوتن و پێداکێشانەدا زۆرترین شکان و لێکترازان و چەمانەوەی هەرێمی و گەورەی لەچینە بەردیەکان دروست کردووە کە ئەمڕۆ بوونیان سەلمێنراوە لەژێر زەوی بەهۆی ئامێرە جیۆفیزیکیەکانەوە.
ئەم شکانانە بۆشایی و درزی گەورەیان دروستکردووە کە لەئەنجامی جوڵەی بەردەوامی پلێتەکان لەهەر ساتێکدابێت یان جێگیر دەبنەوە یان شکان و لێکترازانی نوێ دروست دەکات، کە لەهەردوو حاڵەتەکەدا ووزەیەکی یەکجار زۆر دەردەپەڕێنێت. ئەم ووزەیە دەبێتە هۆی دروستکردنی جوڵە و نائارامی لەژێر زەوی ئەو ناوچەیەی شکانەکەی تێدا ڕوویداوە، کاتێک ئەم شەپۆلانە دەگاتە سەر زەوی بەشێوەی شەپۆلی لەرینەوە و ڕاتەکاندن و بەرزو نزمی دەردەپەڕێت و بوومەلەرزە دروست دەکات.
*زۆر جار پرسیاری ئەوە دەکرێیت بۆچی بومەلەرزە تەنھا لە ھەندێک شوێن روودەدات بەلام شوێنی تر ھەیە بومەلەرزەی تێیدا روونادات؟ هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو شوێنانەی بومەلەرزەی تێدا روونادات شوێنی جوگرافی ئەوان نزیک نیە لەهێڵی بوومەلەرزە ئەو حاڵەتە تەنها بۆ ئەوو شوێنانەیە کە جوگرافیەن نزیکن لەهێڵی بوومەلەرزە. ھێلی بومەلەرزە کە لە پشتێنەی ئەلب بۆ کەنارەکانی ئیتالیا لە دەریایی ناوەراست بۆ کوردستانی باکور و باشوری سنوری ئیران لە رۆژھەلاتی کوردستان درێژ دەبیتەوە. بومەلەرزەکانی ئەمرۆیی تورکیاش درێژەی ئەو زنجیرە بومەلەرزانەن کە لە شوێنەکانی نزیک ھێلی بومەلەرزەیی رودەدەن، کە پێشتریش لەم شوێنانە بومەلەرزە روویداوە و لە داھاتووش بەردەوام دەبن، ئەو بومەلەرزانەش کە لە ئێستادا لە شارەکانی باشووری کوردستان ھەستی پێ دەکریت درێژکراوەی کاریگەری شەپۆلی ئەو بومەلەرزانەیە کە لە تورکیا روودەدەن و کاریگەری شەپۆلەکان تا دەگاتە شارەکانی باشوری کوردستان کەمتر دەبێیتەوە.
لەکۆتاییدا داواکارم لە خودایی گەورە ھەموو لایەک سەلامەت بکاتن و لەڕووداوی کارەساتبار و سروشتی بمانپارێزێت.