زاری كرمانجی – سۆران:
لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ئهمڕۆ دووشهم هەریەک لە زانکۆکانی (کۆیە، سۆران، گەرمیان، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و چەرموو) یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان وەک نەخشەڕێگای کارکردنیان ئیمزا کرد.
ئەمڕۆ دووشەم بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێوڕەسمێکدا لە زانکۆی کۆیە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان حەوت زانکۆی کوردستان ئیمزا کرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە سەرۆک زانکۆکانی (کۆیە، سۆران، گەرمیان، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و چەرموو) ئامادەبوون، لە وتەیەکدا وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: دەستپێشخەری ئەم حەوت زانکۆیە دەبێتە چوارچێوەیەکی گرنگ بۆ هەماهەنگی لە بوارەکانی کار و چالاکی زانستی و ئەنجامدانی کۆنفرانس و هەماهەنگی لە کردنەوەی خوێندنی باڵا و سوودوەرگرتن لە ژێرخان و تونا مرۆییەکانی نێوان زانکۆکان و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و خوێندکاران و کاری پێکەوەیی بۆ بەدەستهێنانی گرێنتی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەنجامدانی چالاکی هونەری و کەلتووری و وەرزشی و ڕەخساندنی زەمینەی توێژینەوەی زانستی هاوبەش.
د. ئارام محهمهد قادر گوتیشی: ئەم هەنگاوە لەسەر ئاستی نەتەوەیی گرنگە بۆ پێکەوە بەستنەوەی زیاتری ناوچاکانی کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین، هەروەها ئەم دەستپێشخەرییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی هەر زانکۆیەک ناسنامەی زانستی خۆی بپارێزێت و لایەنی بەهێزی ناسنامەی زانستی خۆی بەهێزتر بکات، بەڵام دواتر هەموو زانکۆکان دەتوانن لەلایەنە بەهێزەکانی یەکدی سوودمەند بن، ئەمەش کاریگەری پۆزەتیڤی دەببێت لەسەر ئاراستەی وەبەرهێنان لە زانکۆکان و ڕەچاوکردنی دووبارەنەکردنەوەی وەبەرهێنان لەیەک بواردا، بەڵکو ئاراستەی وەبەرهێنان لەژێرخان و تاقیگە زانستییەکان فرەجۆرتر دەبن.
یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوان حەوت زانکۆی کوردستان بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری پێ دەکرێت و دەشکرێت لە دوای ئەو ماوەیە بە ڕێککەوتنی لایەنە بەشداربووەکان درێژ بکرێتەوە.
ئامانج لە ئیمزاکردنی ئەم یاداشتە ئەنجامدانی کار و چالاکیی زانستیی هاوبەش، دروستکردنی زەمینەی هاوکاری پێویست بۆ کردنەوە و بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا)، ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەش، سوودوەرگرتن لە تاقیگەکانی یەکتر و ئاڵوگۆڕی قوتابی و ستافی ئەکادیمی لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەی کە لە داهاتوودا لەسەری ڕێک دەکەون، هەروەها پرۆگرامی هاوبەشی بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.