تەنها ساڵی رابردوو زیاتر لە هەزار قوتابی دەڤەری سۆران وازیان لە خوێندن هێناوە
مستەفا دۆلەمەری- سۆران:
وازهێنانی قوتابی لە قوتابخانەكانی سنووری ئیدارەی سۆران، خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە و بە كارێكی مەترسیداریش دادەندرێت، بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان ساڵانە رێژەیەكی زۆر لە قوتابییان بە هۆكاری جیاواز واز لە خوێندن دەهێنن، ئەمەش كاریگەری نەرێنی و راستەوخۆی هەیە لەسەر زیاد بوونی رێژەی نەخوێندەواری و ئاستی زانست و فێربوون هەیە و بێكاری زیاد دەكات .
محەمەد سیروان پسپۆڕی پەروەردە، بە زاری كرمانجی گووت:” هۆكاری سەرەكی وازهێنانی قوتابییانی هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ خراپی گوزەرانی خەڵك بە تایبەتی لەو ساڵانەی رابردوو، كە قەیرانی دارایی و كۆرۆنا بەسەر هاووڵاتییاندا هات، هەروەها كەمی توانای كەس و كار و بەخێوكەرانیان لە دابینكردنی پێداویستیەكانی خوێندن بۆ منداڵەكانیان.”
ئەو پسپۆڕەی پەروەردەیە، گووتیشی:” دانەمەزراندنی قوتابییان دوای تەواو كردنی خوێندن، یاخود دەستنەكەوتنی كار لە كەرتی تایبەت بۆ ئەوانەی خوێندن تەواو دەكەن، هەروەها تێكەڵ بوونی منداڵ بە كەسانێكی خراپ لە تەمەنی هەرزەكاری وایكردوە رێژەی وازهێنانی قوتابیان زیاتر بێت.
روونی دەكاتەوە، چەند رێگە چارەیەك هەن بۆ چارەسەركردنی گرفتی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن وەكو باشتر كردنی پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی، بە خیوكەرانی قوتابی و دوركەوتنەوە لە لێدان و سەرزەنشت كردنی قوتابی یاخود كردنەوەی خول بۆ مامۆستایان بە بەردەوامی و بە تایبەتیش خولی دەرونزانی، ئاشناكردنی مامۆستاكان بە فەلسەفەی خوێندنی مۆدێرن، هەروەها پاداشت و سزا هەبێت لە نێوان مامۆستای خەمخۆر و كەمتەرخەم.
لای خۆشیەوە، ئینزار تاهر، بەرپرسی پلان دانان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە رێكەوتی ٢٥-٩-٢٠٢٢ پڕۆژەی گەڕانەوەی قوتابی بۆ خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاری رێكخراوی یونسێف دەستی پێ كرد و تا رێكەوتی ١-١١-٢٠٢٢ بەردوام بوو، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران پێنج گرووپ بۆ ئەم پرۆژەیە دەست بە كار بوون، دوو گرووپ لە پەروەردەی سۆران، ئەوانی دیكەش لە پەروەردەكانی مێرگەسۆر، چۆمان، رواندز، دەست بەكاربوون، لە ماوەی دەست بە كار بوونی ئەم پڕۆژەیە ١٠٩٦قوتابی دەست نیشان كران كە بە هۆكاری جیا جیا وازیان لە خوێندن هێناوە، لەم رێژەیەدا توانرا ٢٤٣ قوتابی بگەڕێنرێنەوە بەر خوێندن و قوتابخانەیەكیش لە سنووری پەروەردەی سۆران لە ناحیەی خەلیفان بكرێتەوە.”
ئاماژەی بەوەشدا:” لە كاتی كاركردنی تیمەكان لەم پڕۆژەیە بۆمان دەركەوت یەكێك لەو گیروگرفتانەی كە ساڵانە تووشی پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون دەبێـتەوە بریتییە لە وازهێنانی قوتابی لە قوتابخانە و خوێندن، كە ئەمەش كاریگەری نەرێنی هەیە لە سەر زیاد بوونی رێژەی نەخوێندەواری و نەزانین و لاوازبوونی ژێرخانی ئابووری.”
ئینزار تاهر، بەرپرسی پلان دانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، گوتیشی:” لە كاتی هەڵمەتی پڕۆژەی گەڕانەوە بۆ خوێندن، ئەو قوتابییانەی وازیان لە خوێندن هێنابوو بۆمان دەركەوت كە كۆمەڵێك هۆكار هەبوونە بۆ وازهێنانی قوتابی، بە تایبەتی وەكو خراپی باری ئابووری و گوزەرانی ژیان و كەم دەرامەتی كە هۆكاری سەرەكییە، هەوەرها دووری ماڵ لە قوتابخانەكان وەكو قوتابخانەی دواناوەندی و ئامادەیی و نەبوونی قوتابخانەی ئێواران بە تایبەت لە سەنتەری قەزای سیدەكان، هەڵسوكەوتی قوتابی لە گەل یەكتری یان كاریگەری خراپی هاورێ لە رووی لاسایی كردنەوەی یەكتری بۆ نمونە ئەو قوتابیەی وازی لە خوێندن هێنا و هاورێكەشی هەوڵدەدات بە هەمان شێوە واز لە خوێندن بهێنێت .
ئەو بەرپرسەی پەروەردە، ناشی شارێتەوە، بێزاری قوتابییان لە ژینگەی قوتابخانە بە هۆی گرنگی نەدان بە چالاكی و ژیر و هونەری هۆكارێكی دیكەیە بۆ وازهێنانیان، یاخود خراپی رەفتار كردنی هەندێك لە مامۆستایان و دەستەی كارگێری قوتابخانە بەرامبەر بە قوتابیان، هۆكارێكی دیكەی سەرەكی وازهێنانی قوتابی لە قوتابخانە، بریتییە لە بێ ئومێد بوونی قوتابی هەتا بەخێوكەری قوتابیش لە دەرچوونی لە خوێندن و نەبوونی هیچ هیوایەك بە دامەزراندن لە كەرتی حكومی ناحكومی و سود وەرگرتن لە و بڕوانامەیەی كە بە دەستی دەهێنێت”.