شەهلا رەشید- زاری كرمانجی :
دایكان هەمیشە تەندروستی منداڵەكانیان بەلاوە گرنگە، بەڵام هەندێ جار زیادەڕوویی لە بەكارهێنانی دەرمان دەكەن كە لەوانەیە بۆ كۆرپەكە زیانی هەبێت، لە كاتێك كە منداڵ نەخۆش دەكەوێت و زۆر دەگریێت تەنانەت خەویشی تێك دەچێت، دایكەكان شڕۆب یان جەلی دەدەنە منداڵەكانیان بۆ ئەوەی خەوی لێ بكەوێت، بەكارهێنانی ئەم دەرمانانە لای دایكان بۆ ئەوەیە منداڵەكانیان پشوو بدەن و خەوێكی ئارام بكەن، بەڵام زۆرجاریش ئەم دەرمانانە ئەگەر بەبێ راوێژی پزیشك بێت و زۆریش بەكاربهێنرێت ئەوا زیان بە تەندروستی كۆرپەكە دەگەیەنێت.
لەبارەی بەكارهێنانی ئەم جۆرە دەرمانانەوە د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوەو بەو شێوەیە قسە بۆ زاری كرمانجی دەكات:” ئەو جێلانەیی بۆ خەوتنی منداڵان بەكاردەهێنرێت زۆربەیان بریتین لە ماددەی میلاتۆنین، كە هۆرمۆنێكە شەوان زیاتر لە مێشكەوە دەردەدرێت بۆ ئەوەی یارمەتی خەوتنی منداڵەكە بدات، دایكان دەتوانن بۆ ماوەیەكی كاتی یاخود دیاریكراو یەك یان دوو هەفتە بەپێی پێویست و راوێژی پزیشك بۆ منداڵەكانیان بەكاربێنن، ئەگەر بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بەكارنەهێنن ئەوا كاریگەری لاوەكی دروست ناكات، بەڵام جاری وا هەیە دایكان ئەم ماددە میلاتۆنە بۆ ماوەیەكی درێژ بەكاردەهێنن، ئەمەش كارێكی هەڵەیە، چونكە زۆرجار گرفتەكانی وەك سەرئێشە، بێ توانای، قەبزی و سكچوونی لێ دەكەوێتەوە، بۆیە پێویستە بەكارهێنانی ئەو جێلانە یان شڕوبەكان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بێت.
ئەوەشی خستەڕوو” زۆرجار دایكەكە هەفتەیەك ئەم جێلییەی دەدەتە منداڵەكەی ئاساییە بەڵام وەك پێشتر باسمان كرد نابێ بەبێ راوێژی پزیشك بێت یاخود هەر كات دایكەكە بزانێت منداڵەكەی درەنگ دەخەوێت نابێ بە ئارەزووی خۆی ئەم ماددە میلاتۆنینە بەكاربهێنیت، چونكە لەم حاڵەتانەدا كاریگەری لاوەكی لەسەر منداڵەكە دروست دەكات، زۆرجار دەبێتە هۆی بینینی خەونی ناخۆش یان شەوڕەوی و چەند هۆكارێكی تر كە منداڵەكە تووشی بێزاری و ناڕەحەتی، شەكەت بوون، خەوزڕان، خەواڵۆیی و كاریگەری نەرێنی لەسەر هۆشی منداڵ دروست دەكات.