مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شوبات ی 2023 لە دوو کاتی جیادا، بوومەلەرزە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی هەژاند و دەییان باڵەخانە و خانووی تەختی زەوی کرد و زیاتر لە 100 هاونیشتمانیش بوونە قوربانی.
کاتژمێر 4:17 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی ڕێختەر و لە قووڵایی 17.9 کیلۆمەتر شاری دیلۆکی باکووری کوردستانی هەژاندووە. 15 خولەک دوای ئەوە جارێکی تر بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.7 پلەی ڕێختەر ڕووی داوە.
لەمبارەیەوە سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) ڕایگەیاند:”بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شوباتی 2023 لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، 76 کەس گیانیان لەدەستداوە و 440 کەسی دیکەش بریندارن”.
هاوکات لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا و بوومەلەرزە شارەکانی عەفرین و حەلەب و حەما و ئیدلیبی گرتەوە و بە دەییان باڵەخانە ڕووخاوە و تا ئێستا بەشێک لە هاونیشتمانییان لە ژێر پاشماوەی خانووە ڕووخاوەکان گیریان خواردووە و بە گوێڕی زانیارییە سەرەتایییەکان زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و 330 کەسیش بریندار بوونە و چاوەڕێ دەکرێت ڕێژەی قوربانیان بەرزتر بێتەوە.