زاری كرمانجی – سۆران:
بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای کرد، پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک دەستی پێ کردوووە و دەشڵێ، ئەمساڵ فۆرمی خۆراک دەبێتە ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی مۆبایلەوە ھاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەی تۆمارکردن بەڕێوە ببەن و بریکارەکانیش لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە ھاووڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە.
حوسێن سەبری، ڕێکخەری وەزارەتی بازرگانیی ھەرێم لە بەغدا ڕاگەیاند: “پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک دەستی پێ کردووە و لە پارێزگای نەجەف کۆتاییی ھاتووە و ئێستا لە دیالە جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە دوای پارێزگای دیالە لە پارێزگای دھۆک جێبەجێ بکرێت و ئامادەکارییەکان دەستیان پێ کردووە لە ھەموو فەرمانگەکان، ئەمساڵ (٢٠٢٣) فۆرمی خۆراک نامێنێت و دەبێتە سیستەمی ئەلیکترۆنی، کە سیستەمێکی پێشکەوتووە و ئیدی ھاووڵاتی کار بە فۆرمی وەرەقە ناکات.
بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی گوتیشی: ”سیستەمی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی پێشکەوتوو ئامادە کراوە و ھاووڵاتییان بۆ زیادکردنی ئەندامێکی خێزان، یان کاتی مردنی ئەندام بۆ ئەوەی ناوی لاببرێت تەنیا لە ڕێگەی مۆبایلەوە دەتوانێت مامەڵەی بەڕێوە ببات و پێویست بە سیستەمی کلاسیکی پێشوو ناکات.”
حوسێن سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “قۆناغی دواتر ھەموو سیستەمەکە بە بریکارەکانی خۆراکەوە دەبەسترێنەوە و لە کاتی ھاتنی بەشەخۆراکی مانگانە لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە بریکاری خۆراک ھاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە و ناوی ئەو ماددانەی بۆ ئەو مانگانەی دابەش دەکرێن دەخرێنە بەردەستی ھاووڵاتییان، ئەمەیش یەکێک لە سیستە پێشکەوتووەکان و کارئاسانی زۆر دەکات بۆ حکوومەت و بۆ ھاووڵاتییانیش.”