جۆنیتا سیمۆنس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: گەلان جەبار
لە زەمانی یۆنانی كۆندا، كاری هونەری پیرۆز زیاتر لەلایەن پیاوانەوە ئەنجامدەدران. هێشتاش، ژمارەی هونەرمەندی گرنگی ژن لە یۆنان كەمن. بەم ساڵانەی دوایی، مێژووناسان دەستیانكردووە بە بایەخدان بەكاری هونەرمەندانی ژنانی یۆنان، نەك تەنها بۆ دەرخستن بەڵكو بایەخپێدان و بەها پێدانیان وەك كارە هونەریەكانی هونەرمەندە پیاوەكان.
هەرچەندە كێشەی كەمی هونەرمەندانی ژن تەنها كێشەیەكی زەمانی كۆن نییە، ژنانی هونەرمەندی ئێستاش هەمان كێشەیان هەیە، بۆ نمونە ساڵی 2011 نوسراوێك لە نیویۆرك تایمز بڵاوكرایەوە، كە ماوەی دەساڵ لە نێوان2008 و 2018 نیشاندەدات، كە تەنها سەدا 11ی كاری هونەرمەندانی ژن لە مۆزەخانەدا كۆكراونەتەوە.
بەڵام ڕاستیەكە ئەوەیە كە ژنان ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە بواری هونەردا.
زاڵبوون بەسەر سنوورەكانی كۆمەڵگای نێرسالاریدا
جیاوازی نێوان هونەرمەندانی ژنی ئێستاو دواتریش ئەوەدەبێت كە دەتوانن لە زۆر ڕووەوە بە ئاسانی بەسەر سنورەكانی نێرسالاریدا زاڵبن.
ئەو سنورانەی كە ژنانی یۆنانی كۆن هەیانبوو زۆر زیاتربوون لەو سنورانەی ئێستا ژنان ڕووبەڕویان دەبێتەوە. ژنانی یۆنانی كۆن لە ماڵەوە قەتیسكرابوون، ئەركیان تەنها بەخێوكردنی منداڵبوو، تاكە هەوڵی هونەریش بیاندابایە و ڕێگەیان پێدرابایە تەنها چنین بوو.
هێشتاش هونەرمەندانی ژن هەبوونە كە توانیویانە مۆركێك جێبێڵن و مێژووش ناویانی لە بیرنەكردووە وەك: ئیرێن، كۆرا، ئاناكساندرا، تیماریت، ئاریستاریت، و لایە.
چوار هونەرمەندی ژنی یۆنانی كۆنی ناسراو هەن كە تەنها لەبەر ئەوە ناسراون، لەبەر ئەوەی ناویان لە كتێبی ناچڕاڵیست و نووسەری ڕۆمانی پڵینی زە ئێڵدەرەوە هاتووە. هەرچەندە جیا لەمانەش هونەرمەندی دیكەش هەن.
باشترین هونەرمەندانی ژنی یۆنانی كۆن بە پێی پڵینی
تیماریت
تیماریت بەپێی ئەوەی پڵینی لە كتێبەكەی ناوی هێناوە بە یەكەم وێنەكێشی ژنی یۆنانی كۆن دادەنرێت، كە لە سەدەی پێنجەمی پێش زاین لە دایك بووە، وە بە ناوی تامیریس، تامار، تاماریس بانگ دەكرا. كچی وێنەكێش میكۆن زە یەنگەر بووە. ماتریاڵەكانی وێنەكانی تیماریت مۆم و تێمپێرا بوون، وێنەی ئارتێمیسی خواوەندی سروشت و وێنەی ژنانی كێشاوە.
ئاریستاریت
هەرچەندە زۆر لەسەر ئاریستاریت نازانرێت، نازانرێت كەی لەدایك بووە و لە كوێ ژیاوە، بەڵام پڵینی باسی پۆرترەیتەكەی (ئاسكلێپیوس)ی ئەوی كردووە لە كتێبەكەی. لەوانەیە جیهان بۆ هەمیەشە ناوی ئەوی لە مێژووی كۆنی یۆنانیدا ونكردبێت. ئاریستاریت كچی وێنەكێشی یۆنانی نیاركوس بووە و لەوانەیە لەلایەن باوكییەوە فێری وێنەكێشان كرابێت.
ئیرێن – ئێرێن
چوارەمین وێنەكێشی یۆنانی كۆن بووە، لە سەردەمێكدا دەژیا كە ژمارەی ژنانی هونەرمەند زۆر زۆر كەم بوو، ئێرێن وێنەی (كۆرێ)ی گەنجی كێشاوە.
لایای سیزیكوس
لایا هەروەك تیماریت چەندین ناوی هەبوون وەك لایلا، لایە، مایا، و لالا، لایا كچێكی چاونەترس بوو، لە تەمەنی گەنجیدا كچێكی زۆر چاڵاكی ڕۆم بوو، هەر لەبەر ئەوەش پڵینی زە ئێڵدەر زۆرترین قسەی لەگەڵ كردووە. و هاوسەرگیریشی نەكردووە وێنەی ژنانی كێشاوە، لەبارەی لایاوە دەڵێن “كەس وەك ئەو بەخێرایی وێنەی نەكێشاوە”، دوو لە وێنە هەرە بەناوبانگەكانی كە پێشانگاكانی تەنییوە سۆپۆلیس و دایۆنیسیسن. ئەو ئامرازانەی لایا بەكاری هێناون، فڵچە، تەختە و دار، كەتان، و مەڕمەڕ بووە.
ئاناكساندرا لە 220ی پێش زاین وێنەی كێشاوە، وەك تیماریت لە باوكیەوە نیالكێس فێرە وێنەكێشانبووە، لەگەڵ باوكیان زیاتر تیشكیان خستۆتە سەر میتۆلۆژی یۆنانی. وە تواناكانی ژنی لە هونەرەكەیدا پیشانداوە “ژنانیش و پیاوانیش توانای تەواوكارییان هەیە”
كۆرا بەیەكەم ژنە هونەرمەندی یۆنانی كۆن دادەنرێت كەناوی تۆماركرابێت، لە بنەماڵەیێكی هونەرمەند لە دایكبووە و بە خەڵوز لەسەر دیوارەكان وێنەی كێشاوە. هەرچەندە كارەكانیشی زۆر نەمانەتەوە بەهۆی كاولكاری ڕۆمانیەكان.
زۆربەی ژنان لە سەردەمی یۆنانی كۆندا ئازادییەكی ئەوتۆیان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك هەبوون كە توانیان لە كۆت و بەندی نێرسالاریدا ڕزگارببن. سەرەڕای ئەوەش، ئەوان وەك هونەرمەند كاریان دەكرد، بەڵام بە بێ ئاگایی یاخیبوون و شۆڕشگێڕی خۆیان نیشاندەدا.