شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
لەشجوانی وەرزشێكە كە تاك تیایدا هەموو جۆرە وەرزشێكی هێز و بەرگەگرتن ئەنجام دەدات، لەگەڵ خواردنی خۆراكی تەندروست، بێگومان پشوودانی گونجاو و وەرزشی دروست لەسەر ماسوولكەكانیان، پێویستە ئەمەش لەبیر نەكرێ كە جاری واش هەیە یاریزانێكی لەشجوانی واز لەم جۆرە وەرزشە دەهێنێت.
د. شاخەوان عارف، مامۆستای زانكۆ و راهێنەری توانایی جەستەیی یانەی ئاراڕات، لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە زاری كرمانجی گووت” هەر یاریزانێك راهێنانی هێز دەكات ئەمە ژمارەی خڕۆكە سورەكانی زیاد ناكات، چونكە خڕۆكەسور پەیوەستە بە هێز، بەڵكو قەبارەیان لەگەڵ ئەنجامدانی مەشق گەورە دەبێت، هەروەها ئەنجامدانی مەشق و راهێنان بۆ هێز و لەشجوانی نابێ لە هەفتەی سێ رۆژ زیاتر و لە دوو رۆژ كەمتر بێت، ئەم ماوەیەش لەبەر ئەوەیە كە بۆ جارێكی تر ئامادە بێ راهێنان ئەنجام بدات.
زیاتر گووتی” هەر یاریزانێك ئەگەر بیەوێت واز لە راهێنان بێنێت، ناكرێ راستەوخۆ واز بێنێت، بۆ ئەوەی جەستەی پارێزراو بێت پێویستە ناوە ناوە ئەم كارە بكات و دەتوانێت هەفتەی یەك رۆژ راهێنان ئەنجام بدات، ئەمەش بۆ بەرەو پێشچوون نییە بەڵكو تەنها بۆ پارێزگاریكردنە، هەر كاتێكیش ئەو كەسە بە تەواوی وازی لە مەشق و راهێنانەكان هێنا جەستەی بەرە بەرە بەرەو لاوازبوون و داڕۆخان دەڕوات، بەتایبەت لەدەستدانی هێز و بچووكبوونەوەی قەبارەی خڕۆكەسورەكان بۆ باری ئاسایی خۆی، زۆرجاریش ئەو قەبارەی كە لە لەشیدا دروست بووە ئەو ماسوولكانەی كە گەورە بوونە كاتێ كە بچووك دەبنەوە چرچ و لووچ دەبن، هەروەها بۆشایەك دروست دەكات كە ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست دەكات و ئەو هێزەی كە هەیەتی نەك دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی بگرە زیاتریش لە دەست دەدات چونكە ئەو لەگەڵ ئەو هێزەی كە هەبووە راهاتبوو.