سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
سامانی ماسی یەكێكە لە پایەكانی بەهێزكردنی باری ئابووری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، لەبەشە جیاجاكان؛ بەدیاریكراوی ئەو ناوچانەی نزیكن لە بەنداو، دەریاچە و رووبارەكان بژێوی بەشێكی زۆریان لەسەر مامەڵەكردن بە گۆشتی ماسی ـەوە.
ماسی، خواردنێكی چوار وەرزەی پڕ خواستە بۆ هاووڵاتییان، بەڵام بەهۆی كەمی بەرهەم لەئاست ژمارەی دانیشتوان، ناچار لەوڵاتانی دراوسێش هاوردە دەكرێت، ئەمەش بوەتە هۆكارێكی بەهێز بۆ هەڵكشانی نرخەكەی.
سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم؛ دەڵێت: “بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی كوردستان، دەگاتە شەش بۆ حەوت هەزار تۆن، بەڵام ئەم بڕە بەشی پێداویستی نێوخۆیی هەرێم ناكات، چونكە خواستی ساڵانەی هاووڵاتیانی هەرێم بۆ ماسی دەگاتە 12 هەزار تۆن، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە لە وڵاتانی دەرەوە بەگوێرەی ڕێنماییەكان ماسی هاوردە دەكرێت.”
بەڕێوەبەری سامانی ماسی گوتووشیەتی: “ئێستا لە بازاڕەكانی هەرێم نرخی كیلۆیەك ماسی نزیكەی حەوت هەزار دینارە، ئەمەش نرخێكی بەرزە و هۆكاری گرانی ماسیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لە ئێستادا بەرهەمی ناوخۆیی ماسی كەمبووەتەوە یاخود هەر نەماوە بەناچاری لە دەرەوە بەتایبەت لە ئێرانەوە ماسی هاوردە دەكرێت بەو هۆیەشەوە نرخی ماسی گرانبووە. بەڵام لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی نرخەكان هەرزان دەبنەوە.”
بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ماسی دەركەوتووە، كە لە هەرێمی كوردستان 406 پرۆژەی بەخێوكردنی ماسی هەن، كە مۆڵەتی یاساییان هەیە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر پرۆژەی بێمۆڵەتیش هەن كە زانیارییەكانیان لای حكومەت نین.
ئەو بەرهەمەی هەیە ساڵانە بەشی 60% ـی دانیشتووان دەكات، بۆ پڕكردنەوەی خواستی 40% ـی دیكەیش حكومەت ناچارە لە وڵاتانی دراوسێ هاوردەی بكات.