بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای مێرگەسۆر : ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ بەستنی پێوەری زیرەك
مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر:
تا ئێستا پێوەری زیرەك لە قهزاى مێرگەسۆر نەبەستراوە و بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی راگەیاند ئامادەكاری تەواوكراوە بۆ بەستنی پێوەری زیرەك لە ناوچەكە.
بەیان قادر، بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای مێرگەسۆر گووتی:”تاوەكوو ئێستا پێوەری زیرەك نەگەیشتۆتە سنوری قەزای مێرگەسۆر، بەڵام لەئێستادا بەرێوەبەرایەتی گشی كارەبای سۆران تەواوی ئامادەكاریان كردووە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا پێوەری زیرەك بگاتە سنووری قەزای مێرگەسۆر،”
بەیان ئەوەش دەڵێ:”لەئێستادا لێژنەیەكی برینی كارەبامان پێكهێناوەو ئەو هاووڵاتییانەی سەرووی دوو ملیۆن دینار قەرزارن
كۆتا ئاگاداركردنەوەیان بۆ نێردراوە، گەر بە زوویی سەردانی فەرمانگەی كارەبا نەكەن لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و كارەباكەیان دەبڕدرێت.”
هەروەكوو بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای مێرگەسۆر ئاماژەی بۆ دەكات رۆژانە لە كاتژمێر 30 : 2 خولەكی دوای نیوەرۆِ تا كاتژمێر 30 : 3 خولەكی شەو كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییانی سنوری قەزای مێرگەسۆر دەدرێت.