نازیلا بەهۆی ئەنجامدانی دیمانەیەك لەگەڵ باوكی ژینا، بە پێبژاردنی 15 ملیۆن تمەن و پێنج ساڵ سەفەرنەكردن بۆ دەرەوەی وڵات سزا درا
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
رۆژ بە رۆژ دەسەڵاتدارانی ئێران، بە گرتن و زیندانیكردن و ئەشكەنجەكردن، گوشارەكانی زیاتر كردووە بەسەر رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی و هاووڵاتییانی راپەریووی شۆڕشی ژینا ئەمینی.
كچ كورد نازیلا مەعرووفیان، هەواڵنێر و ڕۆژنامەنووسی خەڵكی شاری سەقز دوای ئەوەی لە شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەرسەركرا، لە لایەن دادگای بە ناو شۆرشەوە سزای دوو ساڵ بەندكردن و پێبژاردنی 15 ملیۆن تمەن و قەدەخەكردنی سەفەری دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی 5 ساڵی بەسەردا سەپێنرا.
ئەو تۆمەتانەی رووبەرووی نازیلا مەعرووفیان ی ڕۆژنامەنووس و خوێندكاری زانكۆی “عەلامە”ی تاران كراوە( چالاكی دژی نیزامی كۆماری ئیسلامی) و (بڵاوكردنەوەی درۆ و دەلەسە بە مەبەستی شێواندنی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی وتووێژێك لەگەڵ باوكی ژینا ئەمینی) بووە.
نازیلا مەعرووفیان تەمەن 23 ساڵی لە دایكبووی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان، دوای ئەوەی دیمانەیەكی لەگەڵ باوكی ژینا ئەمینی لە ماڵپەڕی هەواڵی (ڕوویداد 24) بڵاوكرایەوە، ڕۆژی 30 تشرینی یەكەمی 2022 لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەرسەركرا، دوێنێ بە دوو ساڵ زیندانیكردن و پێبژاردنی 15 ملیۆن تمەن و قەدەخەكردنی سەفەری چوونە دەرەوەی وڵاتی بۆ ماوەی 5 ساڵ بەسەردا سەپێندرا.
لەسەرەتای دەستپێكردنی شۆرشی ژینا ئەمینی، حەفتا و پێنج ڕۆژنامەنووس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون، لە كۆی ئەو ژمارەیە 33 كەسیان تا ئێستا لە زینداندان و ئەوانی تر بە دانانی بارمتە تا كاتی دادگاییكردنیان بە شێوەی كاتی ئازادكراون.