مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوێنێ یەكەشەممە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، دۆزینەوەی پێنج هەزار و 800 شوێنی شوێنەواری نوێی لە رووپێوكردنی 40 % رووبەری خاكی هەرێمی كوردستان راگهياند.
لە ماوەی رابردوو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 900 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی بینا و شوێنەوارە پێشتگوێخراوەكان تەرخانكرد.
لەمبارەیەوە كەیفی مستەفا بەڕێوەبەری شوێنەوار و ڕۆشنبیری لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: “ماوەی رابردوو هیچ تەرخانكردنێكی بودجە نەبووە بۆ كەرتی شوێنەوار، بەڵام حكومەتی هەرێم لەم دواییانەدا بڕیاریدا بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی بینا و شوێنەوارە پشتگوێخراوەكان تەرخانبكات.”
هەروەكوو بەڕێوەبەری شوێنەوار و ڕۆشنبیری لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بۆ دەكات نۆ بەرێوەبەرایەتی لە سنوورەكەدا ئەركی پاراستنی شوێنەوارەكانیان پێ سپێردراوە.
كەیفی مستەفا باس لەو میكانیزمانە دەكات كە بۆ پاراستنی كەلوپەلی دێرین بەكاری دەهێنن و دەڵێ: “چەند میكانیزمێك هەیە بۆ پاراستنی كەلوپەلی دێرین، لەوانە چاودێریكردنی پاسەوان و موختارەكان بۆ ڕێگریكردن لە دەستدرێژی بۆ سەریان، هەروەها نوێنەرایەتی و تیمێك هەیە كە پشكنین بۆ شوێنە شوێنەوارییەكان دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی پێشبینی دەكرێت دەستدرێژییان بۆ بكرێت.”