سەردار قازی ـ ئیدارەی سۆران:
دوو رۆژە بەفربارین جوڵەی هاموشۆی هاووڵاتییانی سست كردووە، بەشێوەیەك كاریگەری خستوەتە سەر جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران.
دوێنێ یەكشەممە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەك كەوتنی هاتووچۆ لەحاجی ئۆمەران، نرخی شتومەك و خواردن هەڵكشا، ئاستەنگی بۆ گوزەرانی دانیشتووانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروستكرد.
ئەم سەرمایە وازوو تەواو نابێت، بەشی پێشبینی كەشنناسی لەوەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، سۆران نزمترین پلەی گەرمی تۆماردەكات.
پێشبینی كەشناسی دەریدەخات، ئەمڕۆ كەشی هەرێم بەگشتی تەم و باراناوی دەبێت و لەناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت.
ئەوەش دەڵێت، كە مەودای بینین كەم دەبێتەوە و 6 بۆ 8 كم دەبێت.
دوێنێ شەو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران هۆشداری دایە شوفێران، لەوەی بەهۆی تەمی زۆرەوە خێراییان كەمبكەنەوە، لەپێناو پاراستنیان لە رووداوی هاتوچۆ.
پلەی گەرمی لەئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 2 پلەی سیلیزی دەبێت، ئەمەش كەمترینە بەراورد بەسەرجەم ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.