موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
بەڕێوەبەری كارگێڕی بنكەی تەندروستی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” پڕۆژەی دروست كردنی باڵەخانەی فریاكەوتنی سیدەكان، بە گوژمەی 110 ملیۆن دینار، لەسەر بوددجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە تەنیشت بنكەی دروستیمان دروست كراو و بە كۆتا هاتووە.
كاروان فەیسەڵ، بەڕێوەبەری كارگێڕی بنكەی تەندروستی سیدەكان، دەڵێت:” ، بۆ كردنەوەی تەنها چاوەڕوانی كەل و پەل و پێداویستی بەشەكەین، بۆ ئەو مەبەستەش، نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران بەرزكردۆتەوە و بەڵێنیان پێداوین لە داهاتووێكی نزیك تەواوی كەلوپەل و پێداویستیمان بۆ دابین بكرێن و چەند كەسێكیش بەشێوەی گرێبەست بۆ ئەو بەشە دادەمەزرێن.
گووتیشی:” كردنەوەی بەشی فریاكەوتن لە سیدەكان سودی زۆری بۆ هاووڵاتییان دەبێت، لەمەودووا بۆ هەر حاڵەتێكی پێویست و لە ناكاو روو لەو بەشە دەكەن و ئێشكگری بەردەوامی دەبێت، هەموو جۆرە پشكنین و تاقیگە و سۆنەر و ئامێری پێویستی بۆ دابین دەكرێت، بەشێوەیەكی باشتر دەتوانرێ چارەسەریان بۆ بكرێت، لە هەمان كات، جەنجاڵی لەسەر بنكەی تەندروستی سیدەكانیش كەمدەبێتەوە.
سیدەكان ماوەیەكە كراوەتە قەزا و لە رووی كارگێڕییەوە سەر بەئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە سەنتەری ئەو قەزایە تەنها ئەو بنكە تەندروستیەی لێیە و رۆڵی نەخۆشخانەیەكی گەورە دەبینێت، ئەمە لەكاتێكدایە، نەخۆشخانەیەكی 25 تەختیش لە سیدەكان واری جێبەجێ كردندایە و هێشتا كارەكانی تەواو نەكراوە، هاووڵاتییان بۆ هەموو نەخۆشی و پشكنینێك، روو لەو بنكە تەندرووستییە دەكەن و بەشێوەی 24 كاتژمێری ئێشكگری هەیە.