سەردار قازی – ئیدارەی سۆران:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، تارای بەفر ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی داپۆشی و، کەشناسی هەرێمیش دەڵێت؛ ئەم دابارینە بەردەوامی دەبێت.
شارەدێی حاجی ئۆمەران لەسنووری قەزای چۆمان بەساردترین شوێنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دادەنرێت ئەمڕۆ 35 سم بەفری لێباریوە، لەقەزای مێرگەسۆر 17 سم، ڕواندز 10و سۆران یش پتر لە 5سم بەفر باریوە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم؛ وردەکاری ئەم شەپۆڵەی بەفر و باران و شەپۆڵەکانی داهاتووی ئاشکرا کردووە.
بەپشت بەستن بەزانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن؛ دەرکەوتووە کە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست لە ئێستادا ڕووی لە ناوچەکە کردووە، ئەم شەپۆڵە تا ڕۆژی پێنج شەممە 2ی ئەم مانگی شوببات بەردەوامی دەبێت.
ئەوەش ڕوونبوەتەوە، کە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست کە بارستە هەوایەکی سارد یاوەری دەکات لە ماوەی ڕۆژانی سێ شەممە وچوارشەممە، زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما دادەبەزن. هەر لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە باران بارین لە کاتی جیا جیا دەبارێت، چڕترین ماوەی دابارین لە ڕۆژی سێ شەممە و چوار شەممە دەبێت .
بەدیاریکراوی کەشی پێشبینیکراوی ئەمڕۆ، ئاسمان بە گشتیی نیمچە هەور و هەندێ کات هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری هەندێ نمە باران لە هەندێ ناوچە هەیە، لە گەڵ کەمێک بەفر بارین لە سەر لووتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان دەبێت. تا ڕادەیەک کەش جێگیر دەبێت.