مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و کەمئەندامی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئاشکرای دەکات مووچەی ساڵێک و شەش مانگ بەسەر یەکەوە دابەشی سەر شەهیدان و کەمئەندامانی پێشمەرگە دەکرێت.
لیوا سەرحەد جەلال لاوەرانی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و کەمئەندامی لە وەزارەتی پێشمەرگە زانیاری زیاتر دەخاتە ڕوو و دەڵێ:” ئەو پارەیە تەنیا شەهیدان و کەمئەندامانی شەڕی دژ بە داعش دەگرێتەوە، کە لەدوای ساڵی 2014وە ئەو پێشمەرگانە شەهید بوونە، یان بەهۆی کەمئەندامی خانەنشینکراون، یان خانەنشین دەبن”.
بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەش دەڵێ:”پاداشتی خانەنشینی، کۆکراوەی دوا مووچەیە بۆ ساڵێک و شەش مانگ خەرج دەکرێت، ئەگەر مووچەکەی یەک ملیۆن دینار بێت، ئەوا 18 ملیۆن دیناری بۆ خەرج دەکرێت، ئەگەر کەمئەندامیش بێت و مووچەی یەک ملیۆن دینار بێت، ئەوا 12 ملیۆن دیناری بۆ خەرج دەکرێت.
جەختیش دەکاتەوە:”خەرجکردنی ئەو پارەیە پێشمەرگەی یەکەکانی 70و 80ش دەگرێتەوە، بەو مەرجەی دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە لای ئێمە و بە گوێڕەی یاسا و ڕێنمایییەکان ڕێک بخرێت”.
تا وەکوو مانگی 10ی ساڵی 2022، چوار هەزار و 171 خانەنشینیی سەربازیی و کۆچکردوو، هەروەها ئەوانەی بە هۆکاری نەخۆشی خانەنشینکراون، لەگەڵ 166 کەمئەندامی شەڕی دژ بە داعش، دۆسیەکانیان ڕەوانەی داراییکراوە و نزیکەی هەزار و 200 دۆسیەی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعشیش ڕەوانەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکرێت، دۆسیە و لیستی مووچەکانیان گوازراوەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە.