زاری كرمانجی -سۆران:
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر گوتی، حکوومەتی عێراق دوو ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات و بێ بەرامبەر بەسەر هاووڵاتییانی کەمدرامەتدا دابەش دەکرێت، کە ئەمڕۆ دەست بە ناردنی بۆ هەرێمی کوردستان کراوە و گەیشتووە و لەم هەفتەیەدا دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر، ئاری کاکە شین، گوتی: “دوو ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە بەغداوە ئەمڕۆ دەست بە ناردنی بۆ هەرێمی کوردستان کراوە کە ملیۆنێک لیتر بۆ دهۆک و هەولێر و ئیدارەی سۆران و ملیۆنێک لیتریش بۆ سلێمانی و هەڵەبجەیە و ئەو نەوتە بەخۆڕایی بەسەر هاووڵاتییانی کەمدرامەتدا دابەش دەکرێت.”
ئاری کاکەشین گوتیشی: “ئەو نەوتە بە هاوکاری لەگەڵ پارێزگا بەسەر کەمدرامەتاندا دابەش دەکرێت بەخۆڕایی کە دوو لیستی ناو هەیە، یەکێک کەمئەندام و کەمدرامەتەکان کە ناویان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراوە و لیستێکی ئەوانەی ڕێکخراوەکان لە گەڕەکەکان تۆماریان کردوون، بۆیە ئەو نەوتە بۆ هەر خێزانێک 100 لیتری پێ دەدرێت بێ بەرامبەر .”
کاکەشین ڕوونیشی کردەوە: “ئەمڕۆ دەست بە ناردنی نەوت کراوە و گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.”