سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین: 2 ملیۆن مین لەژێر خاکی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە
زاری کرمانجی :
جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات لە کۆی ئەو 7 ملیۆن (مین) ەی لەژێر خاکی هەرێمی کوردستان چێنراون و تەنیا 2 ملیۆن مین ماوەتەوە.
جەبار مستەفا باس لە جۆری مینەکانی ژێر خاکی کوردستان دەکات و دەڵێت: “زۆرترین مین لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس لە عێراق دانراوە، نزیکەی 90% مینەکانی هەرێم تاکە کەسییە و ئەوی تریش نزیکەی 10% ی مینی جۆری دژە تانکە.”
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان ئەوەش دەڵێ:” لە ڕابردوودا 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە زەوی هەرێم بەمین چێنرابوو، تا وەکوو ساڵی ڕابردوو 260 کیلۆمەتر چوارگۆشە ماوەتەوە، واتا 516 کیلۆمەتری چوارگۆشە زەوی پاککراوەتەوە و لە کۆی 7 ملیۆن مینی ژێر خاکی هەرێمی کوردستان 65%یان دەرهێنراون و پووچەڵکرانەتەوە و تەنیا 2 ملیۆن مین ماونەتەوە.”
جەبار مستەفا لەبارەی قوربانییانی مین لە 32 ساڵی ڕابردوو گووتی : “لە ساڵی 1991ەوە تا وەکوو ئەمساڵ 13 هەزار و 500 هاووڵاتیی هەرێم بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە یاخود بریندار بوون، هەروەها 38 کارمەندی دەزگای گشتی مینی هەرێم و ڕێکخراوە بیانییەکانیش گیانیان لەدەستداوە و 78 ترشیان بە هۆییەوە کەمئەندام بوون.”