وەرزش ـ زاری كرمانجی:
پێدەچێت مێسی، بۆ مانەوە لە خولی فەڕەنسی و بەردەوامبوون لەگەڵ پاریس سانجێرمان بۆچوونی خۆی گۆڕیبێت، هاوكات دەستیكردووە بەگفتوگۆ لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا.
گرێبەستەكەی مێسی لەگەڵ پاریس لە هاوینی 2023 (30ی حوزەیران) كۆتایی دێت. مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو رۆژنامەی لۆ پاریزیان؛ و رۆژنامەنووسی پشتپێبەستراو فابریزیۆ رۆمانۆ كە پسپۆڕە لە هەواڵەكانی گواستنەوەی یاریزانان، بڵاویانكردەوە كە لیۆ، لەگەڵ سانجێرمان رێككەوتنێكی سەرەتایی ئەنجامداوە بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی بۆ ماوەی ساڵێكی زیادە.
ئەمما هەواڵەكانی ئەم دواییەی كەتەلۆنیا، پێچەوانەی ئەم هەواڵەیان دەرخستووە، چونكە رۆژنامەنووسی ئیسپانی جیرارد رۆمیرۆ رایگەیاندبوو، كە هێرشبەرە ئارجێنتینییەكە “دوودڵ بووە لە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان و تا ئێستاش بیر لە بژاردەكانی دیكەی دەكاتەوە.”
رۆمیرۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، لیۆ بەنیازی درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نییە. هەروەها بردنەوەی مۆندیال لە قەتەر بیركردنەوەی گۆڕیوە، چونكە گرنگی بە كۆمەڵێك بابەتی دیكە دەدات لە نزیك و ئایندە.”
ئەگەری گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا؟
بە گوێرەی ڕاپۆرتی رۆژنامەی ماركای ئیسپانی؛
ئێستا بارسا بە یەكێك لە بەهێزترین پاڵێوراوەكان دادەنرێت بۆ گواستنەوەی مێسی.
رەنگە لیۆنێل مێسی رازی بێت بگەڕێتەوە یانەكەی و ماڵی پێشووی.
بەڵام گەر ئەوەی بوێت، دەبێت دەستبەرداری بەشێكی زۆری مووچەكەی بێت(مووچەی ئێستای لەگەڵ پاریس پتر لە 40 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە) بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ دۆخی دارایی ئێستای یانە كەتەلۆنییەكە بگونجێنێت.
لەپاڵ یانە كۆنەكەی، یانەی تریش هەن كە ئارەزووی گواستنەوەی ئەو ئەستێرە تەمەن 35 ساڵە دەكەن، لەوانە ئینتەر میامیی ئەمریكی، ئەلـهیلالی سعوودی و نیوێڵز ئۆڵد بۆیزی ئارجێنتینی.