“ئامانجمە لەپاڵەوانێتیە جیهانییەكان لەریزبەندی پێشەوە بم”
چراخان ئەحمەد ـ سۆران:
بە پۆلیسە چوارشانەكە ناوی دەركردووە، كاتێك ناوی دەهێندرێت كەم كەس هەیە نەزانێت باسی كێیە، ئەم وەرزشوانە بەلەش و لارە نایابەكەی سەرنجی خەڵكی بۆخۆی كێش دەكات، ئەم پۆلیسە و ئەركی پاراستنی هاوشاریانی لەئەستۆگرتووە، لە هەردوو بوارەكە جێگای پەنجەی دیارە و خاوەن هۆلی وەرزشییە و گەنجان هاندەدات جگە لەكاری رۆژانەیان وەرزشیش ئەنجام بدەن، بیكەن بەسەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ ژیانیان.
شێركۆ سادق، خەڵكی ئەم دەڤەرە بەكەسێكی لەسەرخۆ و خۆشەویست ناوی دەبەن.
سەرەتای تێكەڵبوونی “شێركۆ” لەگەڵ وەرزش دەگەرێتەوە بۆ ساڵی (٢٠٠٠) كە بۆ ماوەی دووساڵ لە كانگ فوتوای بارزان دەبێت، بەڵام لەساڵی (٢٠٠٢) ئەو حەزەی دەگۆرێت بۆ یاریی جیم، بەهۆی ئەو حەزەی بۆ ئەم یارییە هەیەتی هەر زوو سەركەوتوودەبێت و هەنگاوە سەختەكان بەسانایی دەبڕێت.
دوای پێنچ ساڵ بەردەوام بوون لە یاریی جیم بەشداری لە پاڵەوانێتی بەهێزترین پیاوانی كوردستان دەكات و، پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت، جگە لەمەش لەچەندین پاڵەوانیەتی تر پلەی یەكەم و دووەمی مسۆگەركردووە و، بوەتە خاوەنی نازناوی پاڵەوانی كوردستان.
كۆتا پاڵەوانیێتی كە شێركۆ، تێدا بەشداری كرد لە ساڵی (2022) لەسەر ئاستی عێراق رێكخرا، لە كێشی ٩٠ كگم توانی پلەی پێنجەم بە دەست بهێنێت و، وەك تاكە نوێنەری ئیدارەی سۆران ئەم خەڵاتەی دەستەبەركرد.
ساڵی 2021 لەلایەن رێكخراوی كانگ فۆتوا و بە ئامادە بوونی سەرپەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران مە دالیای رێزلێنانی پێ بەخشرا، لە ئێستاشدا خەریكی ئامادەسازی و راهێنانی چڕە بۆ پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو.
شێركۆ، لەپەراوێزی ئەو دەسكەوتانەی هێشتا تینووە و دەڵێت: “دەمەوێ لەسەر ئاستی جیهان لەرەنك بم و هەموو كورد شانازیم پێوەبكات.”
هاوكات نایشارێتەوە: “بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی بەهێز لەپاڵەوانێتی 2022، زوڵمم لێكرا ئەگینا شایەنی پێگەیەكی زۆر باشتر بووم.”
هەرچەندە “شێركۆ” خاوەن هۆڵی لەشجوانیە، بەڵام ئەمە نەبوەتە رێگر لەبەر دەم پیشەی خۆی وەك پۆلیسێك، هانی هەموو ئەو گەنجانە دەدات كە حەزیان بۆ وەرزش هەیە، تاوەكو بتوانن لە رێگەی وەرزشەوە داهاتوویەك بۆ خۆیان بنیات بنێن، جگە لەمەش نابراو رۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە سۆران، ئەم دڵسۆزیەی بۆ كار و وەرزشەكەی وایكرد وەك راهێنەێكی دێرینی سۆران بناسرێت.


