هەڵۆ حەسەن
بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، دەتوانم بڵێم زۆرینەی لە خزمەتی عەڕەب و عڕوبەن!، ئاخر دادگایەک لە تابلۆی ناو و نیشانەکەی تا چۆنیەتی پێکهێنان و کاروباری رۆژانەشی دەستووری نەبێ، چۆن بڕیارەکانی دەستووری دەبن؟
خۆ دەبوو ناوو نیشانەکەی بەزمانی کوردیش بنوسرایە نەک هەر بەعەڕەبی خۆ ئەوەش دەستوور وای فەرمووە!.
راستیەکەی ئامانجی هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەبوو کە عەڕەب بتوانن بەیەکگرتوویی دوور لە جیاوازی سیاسیی و مەزهەبی لەسایەی پەرلەمان، گۆڕانکاری لە دەستووری عێراقدا بکەن و هەموو ئەو مافانەی کورد لە هەلومەرجێکی تاییبەتدا بەنا دلی عەڕەب بەدەستیان هێناون، رەتی بکەنەوە.
بەتاییبەتیش فیدڕاڵ و فیدڕاڵیەت، بە فەرهەنگی سیاسی عەرەب زۆر نامۆیە گەر ئەو فیدراڵیە لە سگی هەر عەڕەبێکی شۆڤینی بێت، خەرەندێکی وەک هی رواندزیان بێتە پێش، خۆیان بۆ کوشتنی ئەو فیدراڵیەتە تێدەهاوێن!.
بەداخەوە سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ دەسەڵات و پشک پشکێنەی سیاسی، ئامانجی راستەقینەی کوردیان لەبیر کردووە، دەنا دەبوو لەو ئاوە لێڵەی لە بەغدا شەپۆڵی دەدا، نەک ماسی کۆنفدراڵی بگرە نەهەنگی سەربەخۆییان راو بکردایە!.
شەرم وشورەییە ئەو بڕیارە زاڵمانەیی دادگای فیدڕاڵی، بێ پەرچە کرداری توند و یەکگرتووانەی کورد تێ پەربێت، دوواجار خۆکورد بۆ بنیات نانەوەی عێراقێكی ئاوا شۆڤینی، دەیان هەزار شەهیدو ۱۸۲ هەزار ئەنفالی نەبەخشیوە و دەیان کارەساتی وەک هەڵەبجە و بالیسانی بەسەردانەهاتووە!
کورد ئێستا دەبێ مشووری خۆی بخوات و بەرنامەڕێژی بکا بۆ گەڵالە کردنی بریارێکی بوێرانەی وا، کە عەڕەبە شۆڤینیەکان شۆک بکات، ئەوەی پێشی وابێ ئەو تیرە لەپلی کورد نایە، بێگومان بێ ئیڕادە و ترسنۆکە و عەڕەب گوتەنی (جەبانە جەبان)!”.