سەردار قازی – ڕواندز:
نەبوونی كارەبا لە ئێواراندا، هاووڵاتییانی سنووری قەزای رواندزی هەراسان كردووەو لایەنی پەیوەستیش هۆكارەكەی دەخاتە ڕوو.
رۆژانە كاتژمێر 3:30 خولەكی دوا نیوەڕۆ پشتی بڕانی كارەبای نیشتمانی، كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ ماوەی 3 كاتژمێر دەدرا، بەڵام چەند رۆژێكە دوای كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی، مۆلیدەكان كارەبا نادەنە هاووڵاتیان و سەرۆكی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانی رواندز بۆ زاری كرمانجی باس لە هۆكاری نەدانەوەی كارەبای مولیدە دەكات.
جەنگیز باقی، سەرۆكی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانی قەزای رواندز بەزاری كرمانجی راگەیاند:” رۆژانە بۆ ماوەی 2 كاتژمێر كارەبای مۆلیدە دەبڕێت، ئەمەش بەهۆی زۆری داواكاری دانیشتووانی ناوچە بووە.”
زیاتر روونی دەكاتەوە:” مانگی رابردوو گلەیی هاووڵاتییان لەسەر زۆری نرخی كارەبای مۆلیدە هەبوو، ئێمەش بۆ چارەسەركردنی داوامان لە خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكان كرد دوو كاتژمێر كارەبا كەم بكەنەوە، بۆ ئەوەی كرێی كەمتر لەسەر هاووڵاتییان بكەوێت.”
هەروەكو جەنگیز باقی باسی دەكات لە مانگی رابردوو بەشێكی زۆری هاوشارییان بە هۆی زۆری كرێی مۆلیدە ئامادە نەبوونە پارە بدەن.