د. هەڵۆم هاشم، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە، میزەڕۆ، پرۆستات، نەزۆكی و لاوازی سێكسی پیاوان شێرپەنجەی میزڵدان لە پیاوان چوارەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە و هەروەها لە پیاوان سێ جار زیاترە وەك لە ئافرەتان.
نیشانەكانی شێرپەنجەی میزڵدان چییە؟
- لە تەمەنی گەورە بە تایبەت پاش 60 ساڵی زیاترە، بەڵام دەكرێت لە هەموو تەمەنێك رووبدات.
- لە ٨٥% ئەو نەخۆشانەی میزیان خوێناویە، هەبوونی خوێن لە پشكنینی میز بە نویكەی لە هەموو ئەو نەخۆشانە دەبینرێت.
- زوو تەنگاو بوون و زوو زوو میز كردن بە تایبەت لە هەندێك جۆری شێرپەنجەكە دەبینرێت.
- هەندێك نیشانەی تر دەبینرێت بە تایبەت لە قۆناغە پێشكەوتووەكانی نەخۆشییەكە وەك ئازاری گورچیلە بە هۆی گیرانی بۆڕی میز، بە گرێكە و هەڵئاوسانی گورچیلەكە.
- هەروەها هەندێك نیشانەی ترمان هەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە جەستەدا، وەك نەمانی ئارەزووی خواردن، دابەزینی كێشی لەش، ئازاری پشت و هەندێك لە ئەندامەكانی لەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەكە تیادا.
هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجەی میزڵدان:
هۆكاری دروستبوونی شێرپەنجەی میزڵدان بە تەواوی تاكو ئێستا دیار نییە، بەڵام هەندێك هۆكار هەیە كە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی میزڵدان زیاد دەكات وەك: - جگەرە كێشان، مەترسی تووشبوون زیاد دەكات بە رێژەی دوو بۆ چوار ئەوەندە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی جگەرەكێش نین.
- هۆكاری بۆماوەیی و خێزانی.
- جۆری ئیش كردن، ئەو كەسانەی لەو شوێنانەی خوارەوە ئیش دەكەن مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی میزڵدان زیاترە وەك كاركردن لە كارگەكانی تووتن، بۆیاخ، لاستیك و چەرم، ئارایشگا، دەلاكەكان، پیترۆڵ و بەنزین.
- كێشە درێژخایەنەكانی میزڵدان، وەك هەوكردن، بەردی میزڵدان، بوونی سۆندەی میز لە میزڵدان بۆ ماوەیەكی زۆر بە تایبەتی لەو نەخۆشانەی كە لە كاركەوتنی میزڵدان و پسانی دڕكە پەتكییان هەیە.
- بەكارهێنانی هەندێك جۆری دەرمان وەك فیناستین كە جۆرێكی دەرمانی دژە ئازارە(مسكن) پێشتر بە كاردەهێنرا، هەروەها سایكلۆفۆسفەماید كە جۆرێكی چارەسەری كیمیاییە بۆ هەندێك جۆری تری شێرپەنجە بەكاردەهێنرێت مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی میزڵدان زیاد دەكات.
- هەوكردنی میزڵدان بە مشەخۆری شیستۆسۆمیا (نەخۆشی بیلهارزیا) ئەم مشەخۆرە لە باشووری عێراق و میسر و چەند شوێنێكی تر هەیە.
-پیسبوونی ئاو و هەوا بە ماددەی ئارسنیك (زەڕنیخ).