زاری كرمانجی-سۆران:
لە كۆبونەوەیەكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەرنامەو پلانی ساڵی نوێ و چارەسەركردنی كێشەكانی ساڵی رابردوو گفتوگۆ كران.
هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” ئەمڕۆ پێنجشەمە، كۆبوونەوەیەك بە سەرپەرشتی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا بە بەشداری جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بۆ كاروباری كارگێری حەكیم تێلی، قائیمقامەكانی سنووری ئیدارەی سۆران و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كارەبا و شارەوانی، بەڕێوەبەری ناحییەكان و بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، بەڕێوەبەری چاككردنەوەو و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، تیمی هونەری و ئەندازەی ئیدارەی سۆران ئەنجام درا”.
گووتیشی: ” مەبەست لە كۆبوونەوەكە رێكخستنەوەی لایەنە كارگێڕی و ئیدارییەكان، سەرچاوەكانی داهات و دیاریكردنی گرفتەكان و دانانی پلانی نوێ بۆ جێبەكێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوە بوون، بۆ هەمان مەبەست پێشنیار و گرفتەكان خرانەڕوو”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیاریدا خزمەتكردنی هاووڵاتییان ئەجێندای كارەكانیان بێت و پێداچوونەوەش بۆ هێلە گشتییەكان دەكرێت، كە گرنگترینیان پێشوازی كردنە لە هاووڵاتییان.
لە كۆتاییدا، ئەنجامدانی كۆبوونەوەی وەرزی لەگەڵ یەكە ئیدارییەكان دووپاتكرایەوە.