زاری كرمانجی-سۆران:
د. سانع شەریف، مامۆستا لە فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری نا دادپەروەری و سیاسی خۆی دەركرد! رێگری كرد لەو بڕە پارەیەی كە بۆ تەواوكاری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەرخان دەكرێت، ئەمەش دوای بڕیاری رێگەنەدان بە حكوومەتی هەرێم بە فرۆشتنی نەوتی خۆی. لە كاتێكدا ئەركی دەستووری حكوومەتی فیدراڵە لەسەر بنەمای یەكسانی سەیری هاووڵاتییانی عێراق بكات وەك لە ماددەی (14) هاتووە، عێراقیەكان یەكسانن لەبەردەم یاسادا بەبێ جیاوازی رەگەز، نەژاد، نەتەوە، بنەچە، ڕەنگ، ئایین ئایینزا، بیروباوەڕ، بۆچوون، بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی”.
پرسیارەكە ئەوەیە دەبێت فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چ بێ یاساییان كردبێت تا بڕیارێكی لەم شێوەیە دژیان دەربكرێت؟ ئەو مامۆستایە دەربارەی ئەوە زیاتر دەڵێت: دەبێت هاوشێوەی هاووڵاتییانی تری عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، دواتر كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق كێشەی كوردە نەك مووچە یان بڕە پارەیەكە، كێشەی خاك و پێشمەرگە و سەرچاوە سروشتییەكانی كوردە، بۆیە ئەمە لەلایەك قەتیس كردنی كێشەی كوردە نەك لە پرسی بودجەی هەرێم بەڵكو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. لەلایەكی ترەوەش ئەم دادگایە ئەوەندەی بە ئاراستەی سیاسی كاردەكات بە ئاراستەی دەستووری و یاسایی خۆی كار ناكات”.