بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر :” ئەمساڵ چوار پێوەرمان بۆ وەرگرتنی مامۆستایانی وانەبێژ دیار كردووە”
مستەفا دۆلەمەری – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر لە لێدوانێكی تایبەت بە زاری كرمانجی باس لەوە دەكات جیاوازە لە ساڵەكانی پێشوو، ئەمساڵ چوار پێوەریان دیاریكردووە بۆ وەرگرتنی مامۆستایانی وانەبێژ.
ئەحمەد محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر هەر چوار پێوەری وەرگرتنی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ زاری كرمانجی ئاشكرا دەكات و دەڵێ:” پێوەری یەكەم : ( بڕوانامە) بەپێی ئەو بڕوانامەیەی كە مامۆستا هەیەتی بڕیاری لەسەر دەدرێت.
پێوەری دووەم : (شوێنی جوگرافیا) گرنگە وانەبێژ خەڵكی ناوچەكە بێت. پێوەری سێیەم : (چاوپێكەوتن) لە كاتێ چاوپێكەوتنەكەدا، شێوازی وڵامدانەوەكە نمرەی لەسەرە. پێوەری چوارەم: (شوێنەكانی دەووربەر) بەشێك لە وانەبێژان حەزییان كردووە لە دەووربەر وانە بڵێنەوە، كار لەسەر ئەوەش كراوە”.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر گوتیشی:” 43 وانەبێژمان داناوە بۆ قۆناخی بنەڕەتی، هەروەها 98 وانەبێژمان داناوە بۆ قۆناخی ئامادەیی و هەندێك شوێنیش هێشتا بەتاڵن، ئەم ساڵ گرنگی زیاترمان بە وەرزش داوە و مامۆستایەكی زۆرمان داناوە بۆ وەرزش”،
لە كۆتایدا بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر باس لەوە دەكات گەر هەر كەسێك گلەیی یا رەخنەیەكیان هەبێت دەتوانێ سەردانیان بكات.