زاری كرمانجی -سۆران:
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا، دەڵێت: دادگای ئیتحادی بۆتە بەشێك لە كێشەكان و وەكو ئامرازێك دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنرێت.
رۆژی چوارشەممە 25-01-2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەك لەسەر بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، كە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار كرابوون.
ئەو دوو سكاڵاكارە، داوا دەكەن بڕیارەكانی ژمارە هەشتی ساڵی 2022 و ژمارە (401، 257، 226، 194ـی ساڵی 2021)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەڵبوەشێندرێنەوە كە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان.
داواكە ژمارە 170ـی/فیدراڵیی/2022ـی هەبوو، پێشتر سێ جار دواخرابوو، دوایین جار رۆژی 18ـی ئەم مانگە بوو و ئەمڕۆ جارێكی دیكە دادگای فیدراڵی لەسەری كۆبووەوە.
سەرۆك مەسعود بارزانی پەیامێكی لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هەڵوێستێكی دیكەی دووژمنكارانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا. دەشڵێت، دیارە ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگای شۆڕش (محكمة الثورة)ـی رژێمی پێشووی گرتووەتەوە”.
چیای تەیمور، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ زاری كرمانجی گوتی: بڕیاری دادگای ئیتحادی، بڕیارێكی چاوەڕوان كراو بوو، چونكە دادگای ئیتحادی هەردەم لە دژی هەرێمی كوردستان بڕیار دەدات، ئەوەش وا دەكات هەولێر و بەغدا لێك دوور بكەونەوە، ئەمە لە كاتێكدایە هەولێر و بەغدا زۆر نزیكبوون لە رێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت دادگای ئیتحادی بۆتە بەشێك لە كێشەكان، نەك بەشێك لە چارەسەر و وەكو ئامرازێك بەكاردەهێنرێت دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: چاوەڕوانی بڕیاری حكوومەتی عێراق دەبین بۆ ئەوەی بزانین هەڵوێستی ئەوان چی دەبێت، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان ملكەچی بڕیارەكانی دادگای ئیتحادی نابێت، هیوادارین هەموو لایەنەكانیش وەڵامی گونجاویان بۆ بڕیارەكەی دادگا پێ بێت، بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا نەبێت”.