مەهدی محەممەد- زاری کرمانجی :
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لیستێکی تری زیندانییانی سیاسی بۆ مینحە (مووچەی)ی بەردەوام بڵاو کردەوە.
بەپێی یاسای چاکسازی و وردبینی و پێداچوونەوە و پاککردنەوەی دۆسیەکانیان بە فەرمانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ژمارە 189 لە 24-1-2023 تایبەت بە خەرجکردنی مینحەی (496) زیندانیکراو و گیراوی سیاسی کە هیچ مووچەیەکی دیکەیان نییە، بڕیار درا بە گەڕاندنەوەی مووچەکانیان لە دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاسایییەکان.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە بڕیارێکدا داوا لەو گیراو و زیندانە سیاسییانە دەکات کە لە لیستەکەدا ناویان هاتووە، بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری زیندانییە سیاسییەکان بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی مینحەی مانگانەیان.
لەگەڵ دەرچوواندنی یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان، مینحەی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیکراو و گیراوی سیاسی کە مووچەیان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەردەگرت، مووچەکانیان ڕاگیرا، پاشان بەپێی سیستەمی بایۆمەتری پێداچوونەوە و وردبینی لە دۆسیەکانیان کرا، لە ئەنجامدا ئەوانەی کە مووچەی تریان نییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەکانیان بۆ بەسترایەوە و بەپێی چەند قۆناخێک ناوەکان ڕاگەیەنران.