داماو : دەمەوێت وەك كوردێك بەشداری لە پاڵەوانییەتی جیهان بكەم
مەهدی محەممەد – سۆران :
داماو فرسەت عەزیز تەمەن 13 ساڵ، ماوەی پێنج ساڵە لە نێو هونەرە جەنگییەكان مەشق و ڕاهێنان دەكات، ئەو سەرەتا بۆ ماوەی دوو ساڵ یاریزانی كۆنفو توا بووە و دواتر بووەتە یاریزانی یاری تایكواندۆ، داماو هۆكاری وازهێنانی لە كۆنفۆ توا و بوونی بە یاریزانی تایكواندۆ ئاشكرا دەكات و دەڵێ:”هەستم كرد كۆنفۆ توا یارییەكی داخراوە و پاڵەوانییەتی و چالاكی وەرزشیان كەم بوو، بۆیە بڕیارمدا ببمە تایكواندۆكار”.
داماو لە نێو هاوڕێیانی دا بە سوورە ناسراوە، یاریزانێكی ئاست بەرز و لێهاتووە و خاوەنی پشتێنی ڕەشی دانە یەكی كۆرییە و یاریدەدەری مامۆستاكەیەتی لە كلاسی فێرخوازە بچووكەكان لە فێرگەی تایكواندۆی دژە تیرۆری سۆران، ڕاهێنەرەكانی هیوایەكی زۆرییان بەو یاریزانە هەیە و پێیان وایە لە داهاتوودا دەبێتە یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی ئەو یارییە لە سەر ئاستی ئیدارەی سۆران و كوردستان.
داماو بەو شێوەیە باس لە تایكواندۆ دەكات و دەڵێ:” تایكواندۆ یەكێكە لە بەهێزترین یارییە وەرزشییەكان و تەواو جیاوازە لەوانی تر، چونكە ئاست و توانای یاریزانان بە شێوەیەكی باش پێش دەخات و هەروەها كەسایەتی ئارام و پڕ لە دۆستایەتی و ڕێزگرتن و ئاشتی و خۆشەویستی دەبەخشێت بە یاریزانەكە و دووری دەخاتەوە لە توندوتیژی و ڕك لێبوونەوە، لەگەڵ ئەوەشە تەكنیك و جووڵە و لێدانەكانی تایكواندۆ شۆك هێنەر و جوانییەكی تایبەتی خۆی هەیە، كە لە وەرزشەكانی تردا نییە،”
سوورە بەشداری چەندین پاڵەوانییەتی لە ناوخۆی سۆران و هەولێر و كۆیە كردووە و ئەنجام و خەڵاتی باشی بەدەستهێناوە، بەڵام ئامانجی سەرەكی و داهاتووی ئەو، بەشداریكردنە لە پاڵەوانییەتی جیهانی وەك یاریزانێكی كورد و دەڵێ:” ئامانج و خەونی داهاتووم ئەوەیە ببمە باشترین وەرزشوان لەسەر ئاستی كوردستان و بەشداریكردنە لە پاڵەوانییەتی جیهانی وەك یاریزانێكی كورد و دەستكەوتی مەزن هەم بۆ خۆم و هەمیش بۆ كوردستان بەدەست بهێنم،”
ئەوەی داماوی نیگەران كردووە، نەبوونی پاڵپشتییە بۆ یاریزانان و یاری تایكواندۆ لە ناوچەكە و دەڵێ:” بەداخەوە وەكوو پێویست بایەخ بە تایكواندۆ نادرێت و هاوكاری ناكرێن چ لە لایەن حكومەت یان كەسایەتی ناوچەكە، بۆیە بە ناچاری و لەسەر ئەركی خۆمان وەكوو یاریزان پێداویستی بۆ هۆڵەكەمان دابین دەكەین، بۆیە لە ڕێگەی زاری كرمانجی یەوە داواكارم لە بەرپرسانی ئیدارەی سۆران، كەوا هاوكار و پاڵپشت بن بۆ بەرەو پێشبردنی تایكواندۆ و تەواوی یارییەكانی تر لە ئیدارەكە، هەروەها داواكارم لە باوان نەبنە ڕێگر لەبەردەم حەزی منداڵەكانیان بۆ ئەوەی ببنە یاریزانی تایكواندۆ، چونكە لێرە فێری زۆر شتی باش دەبن و لە گەڕان و سووڕانی نێو كۆڵان و شەقامەكان باشترە.”

