مستەفا دۆلەمەری – سۆران:
لە ساڵی ٢٠٠٥ بەشی پەروەردەی وەرزش لە سۆران دامەزرا، كە سەر بە زانكۆی سەڵاحەددین بوو تا ساڵی ٢٠٠٩ كە زانكۆی سۆران دامەزرا، لەو ساڵەوە بەشی پەروەردەی وەرزشی بەردەوامە لەسەر بەڕێوەبردن و وەرگرتنی قوتابیان، لە فاكەڵتیی پەروەردەی وەرزش قوتابیان بەشداری راهێنانی وەرزشی دەكەن و فێری وانە وتنەوە و تەكنیكەكانی مەشق دەكرێن، دەرچووانی ئەم بەشە دەبنە مامۆستای بابەتی وەرزش لەو قوتابخانانەی كە وانەی وەرزشیان تیادا دەخوێنرێت، ئامانجی ئەم بەشە بریتییە لە پەروەردەكردن و ئامادەكردنی راهێنەری وەرزشی چالاك و لێكۆڵەری بە پەڕۆش، تاوەكو سوودیان هەبێت بۆ وڵات.
د. عومەر عالی، سەرۆكی بەشی پەروەردەی وەرزش لە فاكەڵتیی پەروەردەی زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ساڵانە چەندین گەنجی بە توانا لە بەشی وەرزش دەردەچن و دەبن بە كەسی بە توانا و لێهاتوو وانە دەڵێنەوە لە قوتابخانەكانی ئیدارەی سۆران، زۆربەی ئەوانەی لای ئێمە خوێندنیان تەواو كردووە ئێستا رۆڵی سەرەكیان هەیە و لە زۆر پێگەی كۆمەڵگە كار دەكەن.
زیاتر گووتی:” پێشتر ئەگەر قوتابیەك بە جلی وەرزشی چووبا بازار بە چاوێكی تر تەماشایان دەكرد، بەڵام ئێستا تێروانینی كۆمەڵگە گۆراوە و پەروەردەی وەرزشی تا رادەیەكی زۆر توانیویەتی گۆرانكاری بەسەر بیركردنەوە خەڵك بهێنێ .
سەرۆكی بەشی پەروەردەی وەرزش لە زانكۆی سۆران، گوتیشی:” لە ئێستادا 35 مامۆستا و پرۆفیسۆر و چوار یاریدەدەری پرۆفیسۆرمان هەیە، واتە تەواوی مامۆستاكانمان لە رووی زانستیەوە هەنگاوی باشیان ناوە و پەروەردەی وەرزشی لە ساڵی 2013 خوێندنی باڵای كردۆتەوە، تاوەكو ئێستا توانیویەتی ژمارەیەكی زۆر لە قوتابی دكتۆرا و ماستەر پیبگەیەنێت و لە رووی خوێندنی باڵاوە هەنگاوی زۆر باشی ناوە”.