مههدى محهممهد – زاری كرمانجی :
هەشت ساڵ بەر لەئێستا (هوجام سورچی) پێشمەرگە، لە لایەن تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە شێوەیەكی نامرۆڤانەو دڕندانە لە پارێزگای مووسڵ شەهیدكرا. كوڕێكی شەهید هوجام دەڵێت، ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕۆژێكی خەمناكە، بەڵام شانازیش دەكەین كە باوكم لەپێناو خاك و نیشتمان شەهید كراوە.
عومەر هوجام سورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا 25 ـ 1 ـ 2015 لە پارێزگای مووسڵ باوكم كە پێشمەرگە بوو بەدیل كەوتبووە دەستی داعش بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە شەهیدكرا و خوێنی خۆی كردە قوربانی لەپێناو خاك و نیشتمان، چونكە پێشمەرگە پارێزەری خاك و نیشتمانە و هەمیشە ئامادەیە قوربانی بدات بۆ ئەوەی كوردستان پارێزراو بێت.”
عومەر باس لەوەش دەكات كە هەموو ساڵێك لەو رۆژەدا برینەكانیان دەكوڵێتەوە، بەڵام ئەوەش دەڵێ:”شانازی دەكەین كە باوكمان خوێنی خۆی لە پێناو نیشتمان ڕشتووە، بۆیە بەخوێنی شەهیدان هەمیشە دەستكەوتەكانمان پارێزراو دەبن.”
لەساڵ رۆژی شەهیدكردنی باوكی كوڕی، عومەر داوایەك ئاراستەی تەواوی هێز و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ:”لەو ڕۆژەدا داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین یەكڕیزی ناوماڵی كوردی بپارێزن، چونكە دەستكەوتەكان بەیەكڕیزی دەپارێزرێن و ئەوانەی ماویشن بە دەست دێن، بۆیە ئەركی هەمووانە رێز لە خوێنی شەهیدان بگرین و ڕێگە نەدرێت ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون لە ناو بچن، چونكە قوربانی زۆر دراوە لەپێناو كوردستان تا ئەو دەستكەوتانە بەدەست هاتوون.”
هوجام عەبدولڕەحمان خدر سورچی لە ساڵی 1970 لە گوندی بەردەسۆری سەر بەناحیەی روڤیا لە قەزای بەردەڕەش لەدایك بووە و لەساڵی 1991وە بۆتە پێشمەرگە و بەردەوام بووە تا ئەو ڕۆژەی بەدیل كەوتە دەست تیرۆرستانی داعش لە پارێزگای مووسڵ، دواتر لە بەرواری 25/1/2015 بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە و بە بەرچاوی خەڵكەوە سەری لە لاشەی جیاكرایەوەو شەهید كرا.