مههدى محهممهد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی بەدەستهێنانی جامی پاڵەوانیەتیی كەنداو (25) پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق كرد.
دوێنی ئێوارە 24ـ1ـ2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق كرد.
لەو دیدارەدا كە هەر یەك لە وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری هەولێر و بەسرا و سەرۆكی یەكێتیی تۆپی عێراق ئامادەییان هەبوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووبارە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق كرد بۆ بردنەوەی جامی پاڵەوانیەتیی (كەنداو ٢٥) كە هەفتەی ڕابردوو لە بەسرا ئەنجام درا و هەروەها خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بە سەردانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و ئەوەشی وت :”بردنەوەی جامی كەنداو لەلایەن هەڵبژاردەی عێراقەوە، سەركەوتنی تەواوی وڵاتە و دڵی هەموو عێراقییەكانی لە سەرتاسەری وڵات خۆش كرد، هەر بەو بۆنەیەشەوە لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان ، هاووڵاتییان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی.”
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە ئەم سەركەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەكان گرنگ بوو، چونكە هەموو عێراقییەكانی لە دەوری سەركەوتنەكەدا كۆكردەوە، پەیامێكیشی گەیاندە جیهان كە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ، هەروەها هیوای سەركەوتنی بەردەوامی بۆ هەڵبژاردەی عێراق خواست و هەموو پشتگیرییەكی بۆ دووپات كردەوە، سوپاسی بەڕێز پارێزگاری بەسرا و ڕێكخەران و هێزە ئەمنییەكان و هەموو ئەو لایەنانەش كرد كە ڕۆڵیان لە بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی پاڵەوانیەتییەكەدا هەبوو.”