زاری كرمانجی – سۆران:
ماوەی چەندین ساڵە، ” پەكەكە ” لە ناوچە شاخاوی و گوندە سنووریەكانی قەزای سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سۆران نیشتەجێ بوونە و لەماوەی ئەو ساڵانەدا بەردەوام شەڕ و ناكۆكیان لەگەڵ توركیا هەیە، بەهۆی ململانێ و شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكانیان دەیان هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی و ژمارەیەكی زۆری گوندیش چۆڵكراون .
هەر بەهۆی ناكۆكی و ململانێی سیاسی لە نێوان هەردوولادا، توركیا لە ساڵی 2017 لەشكركێشی بۆ سنووری قەزای سیدەكان دەستپێكردووە و بە مەودای زیاتر لە 30 كیلۆمەتر لەو ناوچەیە داخلی خاكی هەرێمی كوردستان بووە، لەم دووایانەدا دەنگۆی كشانەوەی ئەو هێزەی توركیا بڵاودەبێتەوە و قایمقامی قەزاكەش، زانیاری بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو .
ئیحسان چەلەبی قایمقامی قەزای سیدەكان بەوەكالەت، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” شەڕ و پێكدادانی نێوان پەكەكە و توركیا لە سنوورەكەمان ماوەی چەند مانگێكە كەمبۆتەوە و تا رادەیەك ناوچە سنوورییەكان ئارامییان بەخۆیەوە بینییوە، هەرچەند لە ساڵانی رابردوو خەڵكێكی زۆری كاسبكار و سڤیل بەهۆی پەكەكە و توركیا بوونەتە قوربانی، بە دیاری كراوی لە ساڵی 1984 تا ئێستا نزیكەی 80 شەهید و بریندار لە سنووری قەزای سیدەكان بوونەتە قوربانی ململانێی سیاسی هەردوولا، هەروەها 118 گوندیش چۆڵكراون و نەتوانراوە ئاوەدان بكرێنەوە .
چەلەبی، دووپاتی كردەوە:” ئەو شوێنانەی پەكەكە گومانی لێی هەیە یا بەهۆی رێگری كردن لە سوپای توركیا، ئەو ناوچانە تی ئێن تی رێژی كردبوون، بە تایبەت لە ناوچەی رۆبی روواڵ و چەند شوێنێكی دیكە و كوێستانەكان، ناشزانین هەڵیان گرتۆتەوە یا هەر ماون، بەڵام لە سەنتەری گوند و ئاواییەكان هیچ رێگەیەكی سەرەكی دانیشتووانان تی ئێن تی رێژ نەكراوە.
قایمقامی سیدەكان، گووتیشی:” ساڵی رابردوو خاڵێكی دیكەی پاسەوانی سنوور لە چیای قەلەڕەش لە سنوورەكەمان جێگیر بووە، وەكو حكوومەت داوامان كردووە ئەو شوێنانەی گرنگ و ستراتیژین پێویستە پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور خاڵی سەربازی خۆیانی لێ جێگیر بكەن بە مەبەستی بەرقەراربوونی ئارامی لە ناوچە سنوورییەكانی قەزای سیدەكان”.