موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
دوای دابین کردنی بودجەی پێویست لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی نەخۆشخانەی 25 تەختی سیدەکان بەردەوامی هەیە و نیوەی کارەکانی تەواو کراوە .
لە سەنتەری شارەدێی سیدەکان تەنیا بنکەیەکی تەندروستی لێیە، لە ئێستادا هیچ جۆرێک لە نەشتەرگەری لێ ئەنجام نادرێت، ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی 20 هەزار دانیشتووی هەیە و بۆ چارەسەری پێویست ڕوو لە سۆران و شوێنەکانی دیکە دەکەن .
فیراس کاکەمین ڕواندزی بەڵێندەری پرۆژەی نەخۆشخانەی سیدەکان، بە زاری کرمانجی گووت:” پرۆژەی نەخۆشخانەی 25 تەختی سیدەکان بە گوژمەی 3 ملیار و 448 ملیۆن دینار، بۆ ماوەی 2 ساڵ لە لایەن کۆمپانیای ئاراسن دەست بە کارەکانی کراوەتەوە و 57%ی کارەکان تەواو کراوە و لە قۆناخی بەستنی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆین و بەردەوامی هەیە .
زیاتر گووتی:” نەخۆشخانەکە دوو نهۆمە و کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە، بەشی فریاکەوتن و هۆڵی لە دایک بوون و بەشی نەشتەرگەری هەیە، بەشی ئەشیعە و هەموو جۆرە پشکنینێکی لێ ئەنجام دەدرێت، لە 3 – 4 – 2022 دەستمان بەکار کردووە، هەڵی کاریش بۆ خەڵکێکی زۆر دروست بوو، ئەگەر پێشینە و بودجە لە کاتی خۆمان پێ بدرێت و دوا نەکەوێت لە ماوەی یاسایی زووتر تەواو دەکەین” .
گووتیشی:” بە تەواو بوونی ئەو پرۆژەیە جیا لە دانیشتووانانی سەنتەری سیدەکان، گوندنشین و خەڵکی شوێنەکانی دیکە وەک ڕەوەند و کۆچەری و کاسبکار و جووتیارەکان لە سنووری سیدەکانن، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕووی تێدەکەن و پێویست ناکات بچنە شوێنەکانی دیکە”.