زاری كرمانجی- سۆران:
ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی کرداریی زۆر باشی ناوە بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگترین هەنگاویش یەکەی حیسابیی هەردوو یەکەی 70 و 80ی هێزی پێشمەرگە خراوەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمەش دەبێتە ئەوەی کە تێکەڵکردنی هەردوو یەکەی و 80 خێراتر بکرێت.
ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، سەعید هەرکی، گوتی: ”پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و چەندین لیوای هاوبەش لە یەکەی 70 و 80 پێک هێنراوە و هەردوو هێزی پشتیوانیی یەک و دوو هاتوونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لە هەموو گرنگتر یەکەی حیسابیی هەردوو یەکەی 70 و 80 هاتووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، کە لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، ئەوەش یەکێکە لە هەنگاوە هەرە گرنگەکان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەردوو یەکە و بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە زیاتر یەک بخرێت و یەکخستنەکە خێراتر بکرێت.”
سەعید هەرکی گوتیشی: ”ئەمە بەشێکە لە بەرنامەی چاکسازیی سەرۆکی حکوومەت و فشاری هاوپەیمانانیش بۆ ئەوەی هەردوو یەکەی 70 و 80ی هێزی پێشمەرگە تێکەڵ بکرێن و بکەونە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی سیمای حزبی بە هێزی پێشمەرگەوە دیار نەبێت، هەربۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باش و کرداریی ناوە و سوورە لەسەر ئەوەی هەمووی هێزی پێشمەرگە یەک بخرێت.”