زاری كرمانجی-سۆران:
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەدات: ” گرنگە لایەنەسیاسییەكان بەدەم داوای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بێن و پاڵپشت بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەزاری كرمانجی گووت: ” بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاییەكان، لەپێناو پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و نەگەڕانەوە بۆ پێش ساڵی 1992 دروست نەبوونی بۆشایی یاسایی پەنا بردرا بۆ بژاردەی درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمان، لەساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامنەدرا، بۆیە ناكرێت ئەم جارەیان بەهیچ بیانووێك پرۆسەكە دوابخرێت، یان گرفت و لامپەری بۆ دروست بكرێت، لە دوایین پەیامیدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی گرژی و كێشەكان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان، چەندین خاڵی خستەڕوو، دیارترینیان ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو، لەئێستادا لایەنەسیاسییەكان لەبەردەم بەرپرسیاریەتێكی مێژوویین بۆلابردنی بەربەستە یاساییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” هەڵبژاردن مافی هەموو خەڵكی كوردستانە نەك تەنها هی لایەنێك، بۆیە نابێت بە هیچ بیانووێك ئەم مافەیان لێ زەوت بكرێت، لەهەمانكاتدا سیمای پێشكەوتنی كوردستان نیشان دەدات، بنەمایەكی سەرەكی دیموكراسییە لەم رێگایەدا هاووڵاتیان دەتوانن ئازادانە بریاری خۆیان بدەن و ئەوكەس و لایەنە دەست نیشان بكەن، كە بۆ حوكمڕانی پێان باشە، ناكرێت هیچ حزب و لایەنێك بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، یان لەبەر ئەوەی لە دەنگدەرانیان دەترسن سزایان بدەن، لەگەڵ ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بن یان هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بكەنە بیانووەك، هەرچەندە دەبێت بۆ مێژوو ئاماژە بەو ڕاستیە بكەم پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دابوو و ئامادەی هەموو گفتوگۆ و دانووستانێك بووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بكرێ، بەڵام هیچ لایەنێك وەڵامی دەسپێشخەری پارتی نەدایەوە تا هەڵبژاردن بكرێ، بە ناچارییەوە پەنا بۆ بژاردەی درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمان بردرا، چونكە هیچ بژاردەیەكی دیكە لەبەردەستدا نەبوو”.
دەشڵێت ” لە پێناو سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، پارتی بەكردار سەلماندویەتیی كەهیچ كات لە بەرپرسیاریەتی راناكات، پەنای بۆ بەكارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی نەبرد، بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەم جارەشیان مەكتەبی سیاسیی پارتی لەكۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا جارێكی تر جەختی لەسەرئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كردوە، لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئاسایشی هاووڵاتیان”.
نابێت بەهیچ بیانوویەك هەڵبژاردن دوابخرێت، بۆیەش گرنگە لایەنەسیاسییەكان بەدەم داوای مەكتەبی سیاسیی پارتی یەوەبێن و لەروانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیان، پاڵپشت بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا.
لە دوا قسەكانیدا ئەوەشی خستەڕوو: ” پێكهاتەكان هاووڵاتی رەسەنی كوردستانن خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیانن، ئەوان ئازادن بە ج شێوازێك دەیانەوێت بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن، دەبێت لایەنەسیاسییەكان پشتگیریان بكەن، چۆن دەیانەوێت هەڵبژاردن بۆ كورسی كۆتا بكرێت یەك بازنە بێت و یان فرەبازنە بێت”.
.