ن.ئاڤان قاسم
کلتوور چاڵاکێکی بونیادنراوە لە سەردەستی باب و باپیران لە دێر زەمانەوە، کە کاروکۆششکردنیان لە پێناو بەڕێوەبردنی کاروباری ژیان و پەیڕەو کردنی ئەو بیروباوەڕ و نەریتە باوانەی سەردەمی زوو بووە، گێرانەوە و هاتنی ئەم دابونەریتانە نەوە دوای نەوە بەشێوەی سەرزارەکی یان تۆمارکراو بووە، کە لەگەڵیشیدا کەم و زۆر گۆرانی بەسەرداهاتوو .
خودی کلتوور بەڕای زۆرێک لە زانایانی سەردەم پێیان وابوو، کە کلتوور ڕەگەزە ناماددییەکانی وەک بیروڕا و هونەر و زمان، ئاین…هتد دەگرێتەوە، بەشێکیش پێیان وابوو کە کلتوور پەیوەندی بە گشت چالاکییە ماددی و ناماددییەکانی ناو کۆمەڵگاوە هەیە.
لەگەڵ گەشەکردن و بەرەو پێش چوونی سەردەم بیروڕا و ئایدیاکان و بەشێک لە دیارد و بوارەکانی ناو کۆمەڵگە گۆرانیان بەسەرداهاتووە، بەپێچەوانەوەش بەشێک لە دیاردە و بوارەکان وەک چۆن لە سەرەتاوە هاتوون وەک خۆیان ماینەوە و نەکەوتوونەتە ژێرکاریگەری گۆرانی سەردەم وبەروپێچوونی هۆشیاری تاک و پەیوەندی کۆمەڵایەتیەکان، لەبەر هەر هۆکارێک بێت کە وایکردووە پارێزگای لەم نەریتە کۆنەی باپیرانیان بکەن.
هۆشیاری تاک و هاتنی تەکنەلۆژیای سەردەم گۆرانی بەسەر کلتووری گەلەکاندا هێناوە و ترزانی لە بیروباوەڕەکانی تاک دروست کردووە، بەمجۆرەش لەناو خودی کولتووری نەتەوەیەک چەند کولتوورکی بچووک تایبەت بە خێل و هۆز و چین و توێژێک لەناوچەی جیا جیای گەڵ دروستبوون، کە پێیان دەوترێت (وردە کلتوور) دەمارێکە لە کولتووری گشتی کۆمەڵگە، کە دابێکی ناوەکی و تایبەتی کۆمەڵ و چەند پۆلێکن، هێچ جۆرێک لەدژیەکبوون لە نێوانیاندا نییە، بەلکۆ هەڵگری هەردوو دابونەریتن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەنێواندا هەیە و وردە کلتووریش کەمینەیەکی جیاکەرەوەی ناو کولتوورەگشتییەکەی نەتەوەیە، بۆ نموونە خێزانێکە کە لەو وردە کولتوورانەی لە سیستەمی گشتی کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و توانای هەیە لەگەڵ سیستەمی کۆمەلایەتی یەکانگیر بێت.
کەواتە وردە کولتوور، دەستەەستەی بچووکی ناو کۆمەڵگەیە، کە خاوەنی بیروڕای جیاوازن سەبارەت بە دیاردە وپەیوەندی کۆمەلایەتی، کە هەڵقولاوی کلتوور و نەریتی گشتی گەڵن و سەرچاوەی دروستبوونی پۆلی جیان، دەستەیەکی کلتوورین لەناو کولتوورێکی گەورەدا.
لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا (دێڤید ڕەیسمان) بەراوردی لە نێوان زۆرینەیەک و وردە کلتووردا کردووە، پێوابوو بەشە زۆرینە بە بێ بیرکردنەوە و سەرنجدان شێواز و واتاکان پەسەند دەکەن، بەلام ڕێبوارەکانی وردە کولتوور دوای تێڕامان و وردبوونەوەیەکی تەواو کەمینەی پەسەند دەکەن.
لەولاتر (دیک هێدیگ) لە ساڵی ١٩٧٩لە پەرتووکەکەی بەناوی (وردە کلتوور و واتای شێواز)باس لەوە دەکات، کە وردە کلتوور لادانە لە شتی ئاسایی و وەک نەرێنی سەیری دەکات، بەهۆی سروشتی ڕەخنەی ئەندامانی ئەو دەستەیە لە ستاندەری زالی کۆمەڵگە.
کەواتە بوونی گرووپی جیاجیاکانی وردە کلتوور هۆکارە بۆ ناساندنی زانیاری و پێداویستی کوتووری گەل، گرنگی دانیان بەو بابەتانەی کە کاڵبوونەتەوە لەناو کولتوورە گشتییەکە، لەهەمان کاتدا ئەمە هۆکارە بۆ بەرز بوون و جیاکردنەوەی ئەندام و گرووپە لە گرووپەکانی تر.
لە کۆمەڵگەیەکی خاوەن یەک زمان و سنووری جوگرافیای وەک کوردستان، چەندین لایەنی جیاوازی وەک (فرە ئاین، نەتەوەی جیاواز، چین و توێژی جیاواز…هتد)لەخۆگرتووە، کە دابەشی سەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بووینە، گروپی بچووک و پێکهاتەی جیاجیای تێدا لەدایکبوون، هەریەکەیان خاوەنی نەریت و مەزھەب و بیروڕای خۆیانن نموونە پارێزگای (هەولێر).
لە کۆتاییدا شوێنکەوتووانی بیروڕای وردە کلتوور دەبێت بواری تەواویان لەلایەنی جێبەجێ کردنی پرۆسەی ژیان و گوزەران و پاراستنی بیروڕای تایبەت بەخۆیان لە بواری ئایینی و کۆمەڵایەتی و کلتووری بۆ بڕەخسێنێت، خاوەن نوێنەری خۆیان بن و بەشێوەیەکی شەفاف و مەدەنی دەربکەون لەناو کۆمەلگەدا، کە بوونیان وەک پێکهاتەیەکی جیاواز لە ناو گروپەکانی تری ناو یەک کۆمەڵ و نەتەوە.
بەسوود وەرگرتن لە پەڕتووکی(کلتوور و سیاسەت ، جەبار قادر ئەحمەد)