محەمەد ئامۆکەیی زاری کرمانجی:
بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بڵاوی کردووەتەوە: کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نێودەولەتی گەشتیاران _ پاسەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بەڕێوەچوو.
باس لەوەشکراوە: هەریەکە لە مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بەڕێوەبەری گومرگ، بەڕێوەبەری ئاسایش، بەرپرسی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەرپرسی بنکەی پۆلیسی گومرگ، بەرپرسی گواستنەوەی چۆمان و بەڕێوەبەری تێرمیناڵی گشتی نێودەوڵەتی هەولێر، لەگەڵ خاوەن و بەڕێوەبەران و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی گەشتیاران _ پاسەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کۆبوونەوە.
ئەمەش خراوەتە ڕوو: لە دانیشتنەکەدا تیشک خرایە سەر کرداری گواستنەوەی گەشتیاران، بە باشترین شێوە و خێرا راپەراندنی کارەکانیان و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی گواستنەوە، رێنمایەکانی گومرگی و ئەمنی و پێگیری کردن بە رێنماییەکانی فەرمانگە پەیوەندییدارەکان و پێدانی رێنمایی و ڕێکاری نوێی بۆ شۆفێری پاسەکان، لەکاتی گواستنەوەی هاوڵاتییان لە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و لە هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئێران.