زاری كرمانجی-سۆران:
ساڵانە بەتایبەت لەم وەرزەی سەرمادا، بەهۆی زیاتر بەكارهێنانی ئامێرە سووتەمەنییەكان و گەرمكەرەوەو خراپی شێوازی بەكارهێنانیان رووداوی نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە.
لەمبارەوە مقەدەم بەیار محیەدین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند: ” ساڵانە لە وەرزی سەرماو زستاندا بەهۆی سۆپا و بەكارهێنانی غاز و ئامێرەكانی گەرم كەرەوە هەندێ جار بەهۆی بێباكی هاووڵاتییان رووداوی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە، بەمەش پێویستە هاووڵاتییان بە هۆشیارەوە ئەو جۆرە ئامێرانە بەكاربهێنن، هەروەها نابێت بە هیچ شێوەیەك بوتڵی غاز لەناو ژووری ماڵەكان بێت، پێویستە بەردەوام سۆندەی گواستنەوەی غاز و ئەو سەرەی دەخرێتە سەر بوتڵی غازەكە تا ئەم شوێنەی دەگاتە تەباغ، یان ئامێری گەرمكەرەوەكە پشكنینی بۆ بكەن، چونكە درزێكی كەم لە سۆندە و ئامێری گواستنەوە ئەگەر غازی لێ دەربچێت مەترسیدارە و دەبێت زوو چارەسەری بۆ بكرێت”.
دەشڵێت: ” لە كاتی دەرچوونی هاووڵاتییان لە ماڵ و شوێنەكان هەوڵ بدەن، ئامێرەكانی گەرم كەرەوە بكوژێنەوە، هەروەها بوتڵەكە غازەكە بگرنەوە، ئەگەر هەستیان كرد بۆنی غاز لە ماڵەكانیان دێت، سەرجەم سۆپا و ئامێرە گەرمكەرەوەكان بكوژێننەوە، تەنانەت نابێت گڵۆپی كارەبایی و ساحیبەی ماڵەوەش كار بكات، بەڵكوو لەبری ئەوە دوای گرتنەوەی دوگمەی غازەكە دەرگا و پەنجەرەی ماڵ و شوێنەكان بكرێنەوە، تا ئەو كاتەی تەواو دڵنیا دەبن لەوەی كە بۆنی غازەكە بەتەواوی نەماوە، ئەمەش بۆ پارستنی سەرو ماڵی هەموو لایەكە.